پەرلەمانی ئێران: ژینا ئەمینی لێی نەدراوە

16-10-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی ئێران لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، رەتیکردەوە بەهۆی لێدانەوە گیانی لەدەستدابێت و رایگەیاند: لە کاتی گواستنەوەی ژینا بۆ بنکەی پۆلیسی رەوشت "بەهیچ شێوەیەک لێی نەدراوە و ئەشکەنجە و ئازار نەدراوە."
 
پێشتر پەرلەمانی ئێران کۆمیتەیەکی بە ناوی "کۆمیتەی ئاشكراکردنی راستییەکانی" بۆ لێکۆڵینەوە لە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە بنکەی پۆلیسی تاراندا پێکهێنا. ئەمڕۆ یەکشەممە 16-10-2022، کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆیی وڵات و ئەنجوومەنەکانی پەرلەمان ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەیان بڵاوکردەوە.
 
لە راپۆرتی پەرلەمانی ئێراندا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانتارەکانی ئەندامی ئەو کۆمیتەیە زۆریان هەوڵداوە خێزانی ژینا ئەمینی لەگەڵیان کۆببنەوە، بەڵام قبووڵیان نەکردووە. 
 
دادپزیشکی تارانیش رۆژی 07-10-2022 رایگەیاند: ژینا ئەمینی لێی نەدراوە. هۆکاری گیانلەدەستدانی گەڕاندەوە بۆ "نەشتەرگەری و نەخۆشییەک کە لە سەردەمی منداڵیی لە مێشکیدا هەبووە." 
 
لە بەرامبەردا کەسوکار و پارێزەری خێزانی ژینا ئەمینی ئەنجامی راپۆرتەکەی دادپزیشکی تارانیان رەتکردەوە و رایانگەیاندووە، "بۆچوونی هیچ کەس و پزیشکێکیان قبوڵ نییە تاوەکو ئەو کاتەی پزیشکی جێی متمانەی خۆیان رازی نەبێت."
 
ژینا ئەمینی رۆژی 13-09-2022 لە تاران لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستبەسەر کرا، لە بنکەی پۆلیس تەندروستیی تێکچوو و 3 رۆژ دواتر لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا. وەک باوکی ژینا دەڵێت، دوای دەستگیرکردنی کوژراوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە