ئێران سەرۆکی ئەمریکا بە 'دەستوەردان لە خۆپێشاندانەکان' تۆمەتبار دەکات

16-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێران بە تووندی وەڵامی پاڵپشتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەداتەوە و بە "دەستوەردان" لە کاروباری نێوخۆی ئێران تۆمەتباری دەکات. 
 
رۆژی یەکشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2022، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێنداراوێکدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای بە "دەستوەردان" لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تۆمەتبارکرد و گوتی: "ئێران زۆر لەوە بەهێزترە کە خواستی خۆی بداتە دەستی ئەم دەستوەردانە کە لە لایەن سیاسەتڤانێکەوە دەکرێت کە ماندوو بووە لە شکستهێنانەکانی چەند ساڵەی." کەنعانی دەشڵێت، بەیەکەوە "بەرگریی لە سەربەخۆیی ئێران دەکەین". 
 
رۆژی هەینی، 14ـی تشرینی یەکەم جۆ بایدن لە گوتارێکدا پاڵپشتیی ئەمریکای بۆ خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی و گوتی: "ئێمە لەپاڵ دانیشتووان و ژنە ئازاکانی ئێران دەبین". 
 
لە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، کە بەپێی قسەی باوکی، دوای گیرانی کوژراوە. خۆپێشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهانی بەڕێوەدەچن. 
 
رۆژی 6ـی تشرینی یەکەمیش، ئەمریکا سزای بەسەر حەوت بەرپرسی باڵای ئێرانیدا سەرپاند کە وەکو خۆی دەڵێت، دەستیان لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکاندا هەبووە. پێش ئەوەش، رۆژی 22ـی مانگی ئەیلوول وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پۆلیسی رەوشتی ئێرانی خستە لیستی رەشی سزاکانیەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە