وڵاتانی رۆژئاوا هەڕەشەی بەردەوامیی سزاکان لە ئێران دەکەن

16-09-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ئەڵمانیا لەواشنتن.
کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ئەڵمانیا لەواشنتن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رێوڕەسمی نمایشکردنی گەردیلەیەکی نوێی تیشکیی ئێران کە بە سیسیۆم 137 ناسراوە لە تارانی پایتەخت بەڕێوەچوو. تاران دەڵێت ئەم هەنگاوە بۆ مەبەستێکی پزیشکییە و چالاکییەکانی لەسەر بنچینەی هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رادەپەڕێنێت.
 
محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دەڵێت، "ئێران درێژە بە پیتاندن [ی یۆرانیۆم] دەدات لەسەر بنەمای یاسای کردەوەی ستراتیژی. ئەو دانوستاندنەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانمان هەبووە، بابەتێکە کە لە چوارچێوەی پلانە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا رێکدەخرێت و ئێمەش پابەندی ئەو چوارچێوەیەین و هەر بەپێی ئەوەش کارەکانی خۆمان بەرەوپێش دەبەین."
 
ئەوەی ئێران دەیڵێت لەگەڵ ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتەکانیدا باسی دەکات، یەکناگرێتەوە.
لە شوباتی 2023دا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتێکدا رەخنەی لە ئێران گرت کە بێ ئاگادارکردنەوەی ئەو، دەستکاریی سەنتەر فیوژەکانی لە وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ کردووە و پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 60٪ بەرزکردووەتەوە و دواتریش رایانگەیاند بۆ 83.7%ـە بەرزکراوەتەوە کە ئەو رێژەیەش نزیکە لەو 90٪ی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم پێویستە.
 
ئەو پێشهاتانەش جێگەی نیگەرانیی بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوان؛ ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، "سێ وڵاتە هاوبەشەکە؛ فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، روونمان کردووەتەوە کە سزاکانمان تایبەت بە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بەردەوام دەبن، ئەوەش بەهۆی پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی".
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات: "سوورین و سەرۆک بایدنیش سوورە لەسەر ئەوەی ئێران چەکی ئەتۆم بەدەست نەهێنێت بەهەرشێوەیەک بێت. بەردەوامیشین لەسەر ئەو بڕوایەی کە دیپلۆماسییەت باشترین رێگەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامە."
 
دوای گەڕانەوەی بایدن بۆ کۆشکی سپی لە سەرەتای 2020دا، هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ نێو رێککەوتنی ئەتۆمی و پابەندبوونەوەی ئێران بە رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 دەستیان پێکرد. بەڵام قووڵبوونەوەی جیاوازییەکانی رووسیا و چین لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا شکستیان بەو هەوڵەش هێنا.
 
لە ساڵی 2015دا ئێران و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان رێککەوتنێکیان لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە واژۆ کرد. وڵاتە بەشدارەکان بریتی بوون لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش (چین، رووسیا، ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا) لەگەڵ ئەڵمانیا کە بە وڵاتانی 5+1 ناسراون. یەكێتیی ئەوروپاش بەشداریی لە رێککەوتنەکەدا کرد. رێککەوتنەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2016 چووە واری جێبەجێکردنەوە.
 
رێککەوتنەکە بواری بە لابردنی سزاکان لەسەر ئێران دا لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ گەرەنتیکردنی ئەوەی تاران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات - شتێک کە هەمیشە رەتیکردووەتەوە بیەوێت بیکات.
 
بەڵام کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە لە ساڵی 2018 و دووبارە سەپاندنەوەی سزا ئابوورییە سەختەکان وایکرد ئێران قۆناخ بە قۆناخ دەستبەرداری رێککەوتنەکە ببێت و لە بەرامبەریشدا پەرە بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بدات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا