لوڕستانییەکان لە تاران بەبۆنەی عاشوراوە قوڕ بۆ ئیمام حوسێن دەپێون

 
رووداو دیجیتاڵ

لوڕستانییەکانی نیشتەجێی تاران قوڕپێوانە تایبەتەکەی خۆیان بەبۆنەی عاشورا بەڕێوەدەبەن. لە لوڕستان باوە، بەشێک لە ماتەمگێڕانی ساڵیادی گیانلەدەستدانی ئیمام حوسێن، بۆ پێشاندانی خەم و پەژارەیان، لە تەپڵی سەر هەتا بەری پێیان قوڕاو بەخۆیاندا دەکەن.
 
ساڵانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هاونیشتمانییانی شیعە مەزهەب بە رێوڕەسمی جیاواز یادی تاسوعا و عاشورا دەکەنەوە. دەستەی رەشپۆشی لەخۆدان بەنێو شارەکاندا دەگەڕێت و لە مزگەوت و ماڵەکانیشدا شین دەگێڕن.
 
حوسێن مورغزار، بەڕێوەبەری دەستەی ماتەمگێڕان لە لوڕستان دەڵێت، "لە بنەڕەتدا ئەو دەستەیەی ئێمە بۆ ماتەمگێڕانی ئیمام حوسێن و جەژن و بۆنەکانی دیکە بووە. لە ساڵی 1971ـەوە تاوەکو ئێستا، کە دەکاتە 53 ساڵ، هەموو شەوانی سێشەممە رێوڕەسمی تایبەتمان هەبووە و ماتەمگێڕانی ئیمام حوسێن و ئالی بەیتمان هەیە."
 
نیوە زیاتری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، شیعە مەزهەبن. دانیشتووانی لوڕستان، ئیلام و زۆربەی دانیشتووانی کرماشان پێڕەوی ئەو مەزهەبەن. لە سنە و ورمێش، بەشێک لە هاونیشتمانییان شیعە مەزهەبن. کوردی نیشتەجێی خۆراسان و باکوور و ناوەندی ئێرانیش زیاتر شیعەن.
 
زۆربەی ماتەمگێڕان بە زمانی کوردی و شێوەزاری تایبەتی ناوچەی خۆیان شین دەگێڕن. کەسانێکیش هەن، خاوەن مەوکب و بارەگای تایبەت بە بۆنە ئایینییەکانن و خواردن و خواردنەوە بۆ شینگێڕان ئامادە دەکەن.
 
قاسم میهرنیا، خاوەن مەوکەب - بوجنوردی خۆراسان دەڵێت، "دەستەی تایبەت گەڕان و شینگێڕانمان هەیە. 50 کەس کە بە زنجیر لە خۆیان دەدەن و زۆربەیان گەنجن، لەو دەستەیەدان. جگە لە 10 رۆژی یەکەمی مانگی موحەڕەم، بە درێژایی ساڵیش بە بۆنە و یادی جیاواز، رێوڕەسمی ماتەمگێڕان بەڕێوەدەبەین."
 
عاشورا بە رۆژی 10ی مانگی موحەڕەم، یەکەمین مانگی رۆژژمێری کۆچی، دەگوترێت و ساڵانە بە ملیۆنان پەیڕەوکاری شیعە مەزهەب لە جیهاندا لەو رۆژەدا یادی گیانلەدەستدانی ئیمام حوسێن و یاوەرانی دەکەنەوە. بەبۆنەی چلەی گیانلەدەستدانیشی رێپێوانی ملیۆنی بەرەو مەزارگەکەی لە کەربەلا رێکدەخەن.