کرێکاران و خانەنشینانی ئێران دژی پێنەدانی مووچە خۆپێشاندانیان کرد و داوای زیادکردنیشی دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە کرێکاران و خانەنشینان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندانیان دژی پێنەدانی مووچە و خراپیی دۆخیان کرد. ئەوان هیوادارن مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو بەشێک لە کێشەکانیان چارەسەر بکات.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران گوتی، "ئێوە پێشنیازەکانتان پێشکێش بکەن، بەپێی ئەو پێوەرانە هەوڵ دەدەین کەسێک بەو تایبەتمەندییانە کە هەم لە چینی کرێکار بێت، هەمیش کەسێکی شارەزا، زانا و خاوەن توانا بێت و بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات هەڵبژێرین، چونکە تەنیا لەبەر ئەوەی کەسێک سەر بە گرووپێک یان لایەنێک بێت، کێشەکانمان چارەسەر ناکات."
 
نوێنەرانی کرێکاران و خانەنشینان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان کێشە و داواکارییەکانیان خستەڕوو.
 
نوێنەرێکی کرێکاران و خانەنشینان گوتی، "چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە بۆ هەموو خانەنشینان و کرێکارانی ئێران هەوڵدانەکانتان زۆر بێت، بە تایبەت بۆ ناوچە بێبەش و سنوورییەکان."
 
نوێنەرێکی دیکەی کرێکاران و خانەنشینان گوتی، "خانەنشین لە کاتێکدا دەتوانێت بە پاشەکەوتی خۆی دەوڵەمەندترین کەسی وڵات بێت، لە دۆخی ئێستادا ئەگەر کارێکی دووەمی نەبێت، شەرمەزاری ئەندامانی خێزانی دەبێت و تەنانەت لە نیعمەتی ژیانیش بێبەش دەبێت."
 
کرێکاران و خانەنشینان دەڵێن، مووچەیان بەشی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان ناکات و داوای زیادکردنی مووچەیان دەکەن.
 
موحسین باقری، نوێنەری کرێکارانی ئێران لە ئەنجوومەنی باڵای کار، داواکارییەکانیان لە مەسعود پزیشکیان دەخاتەڕوو و دەڵێت، پێویستە مووچەی کرێکاران بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لانیکەم هێندەی رێژەی هەڵاوسان زیاد بکرێت؛ هەڵاوسان کونترۆڵ بکرێت و نرخی کەلوپەلەکان جێگیر بکرێت، هەروەها شێوازی ئێستای پێدانی کارگە حکومییەکان بە کەرتی تایبەت بگۆڕدرێت، کە دەبێتە هۆی داخرانی کارگەکان و بێکاربوونی کرێکاران.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی هەڵاوسان لە ئێران نزیکەی 40%ـە، بەڵام حکومەت بۆ ئەم ساڵ تەنیا بە رێژەی 20% مووچە و حەقدەستی کرێکارانی زیاد کردووە.
 
ئێستا کەمترین مووچەی کرێکاران لە ئێران 12 ملیۆن و 670 هەزار تمەنە، کە دەکاتە 210 دۆلار. کەمترین مووچەی خانەنشینانیش 7 ملیۆن تمەنە، کە دەکاتە نزیکەی 120 دۆلار.