ئێران دەیەوێت ژمارەی زیارەتکارانی بۆ رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن زیاد بکات

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
کۆمیتەی ناوەندیی ئەربەعین (چلەی ئیمام حوسێن) بە سەرپەرشتیی محەممەد موخبیر، سەرپەرشتیاری سەرۆکۆماری کۆبووەوە
کۆمیتەی ناوەندیی ئەربەعین (چلەی ئیمام حوسێن) بە سەرپەرشتیی محەممەد موخبیر، سەرپەرشتیاری سەرۆکۆماری کۆبووەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە دەستپێکردنی مانگی موحەڕەم، دیمەنی شینگێڕان لە زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبینرێت. 
 
لە سەرپێل زەهاوی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکارییەکان بۆ گواستنەوەی زیارەتکارانی شیعە بۆ کەربەلا دەستی پێکردووە.
 
محەممەد موخبیر، سەرپەرشتیاری سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران دەڵێ "یەکێک لەو کارانەی دەبێ زۆر بەوریاییەوە بکرێت، ئەوەیە کە لە 1ـی سەفەر تاوەکو 25ـی سەفەر، کاروانەکانی ئێران خزمەتگوازی پێشکەش بکەن. تابکرێ کاروانەکە جەماوەریتر بێ باشترە."
 
هەروەها گوتی  "سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان، پارێزگارە بەڕێزەکان هەرچی لە توانایاندایە بیکەن و خزمەتگوازیی باشتر پیشکەش بکەن."
 
کۆمیتەی ناوەندیی ئەربەعین (چلەی ئیمام حوسێن) بە سەرپەرشتیی محەممەد موخبیر، سەرپەرشتیاری سەرۆکۆماری کۆبووەوە و ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی زیارەتکاران بۆ مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق تاوتوێکرا.
 
محەممەدڕەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران گوتی "کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئەربەعین بەڕێوەچوو. هەروەک پێشتر بەڵێنمان دابوو، پشت بە خوا ئامادەین لە حەوتی مانگی داهاتووەوە بە هاوئاهەنگی کۆمیتەکە، دراوی بیانی بدەینە زیارەتکاران... هاوکارەکانمان پێشتر رایانگەیاندووە، حەوت بانکی گەورەی وڵات دراوی بیانی دەدەنە زیارەتکاران. هەموو ئەو کەسانەی تەمەنیان سەرووی پێنج ساڵە، دەتوانن دراوی بیانی وەربگرن کە 200 هەزار دینار دەبێت." 
 
حکومەتی ئێران بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەیەوێ ئەم ساڵ ژمارەیەکی زۆرتری زیارەتکاران بەشداری رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بکەن، یەکێک لە رێکارەکانیش کە دەیگرنەبەر، گواستنەوەی زیارەتکارانە لە رێگەی دەریاوە.
 
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لەمبارەیەوە رایگەیاند "ئەگەر نەبێتە هۆی خەرجییەکی زۆر بۆ زیارەتکاران، ئەم ساڵ ئامادەیی هەیە هێڵی دەریاییش بکرێتەوە، ئەمە پەیوەندیی بەوە هەیە، کە بتوانین هەرزانی بکەین بۆ زیارەتکاران." 
 
هەروەها مێهرداد بەزرباش، وەزیری رێگەوبان و شارسازی رایگەیاند "ساڵی پار تەنانەت لە رۆژهەڵاتی وڵاتیشەوە زیارەتکارانی پاکستانی هەبوون کە دەیانویست لە رۆژهەڵاتی وڵاتی ئێمەوە بۆ سنوورەکانی رۆژئاوا بڕۆنەوە، ئەم ساڵ رێکاری باشمان داناوە بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران لە رێگەی دەریاوە."
 
ڵەگەڵ ئەوەی ئێران هەوڵدەدات ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی شیعەی پاکستان بکرێت، بەڵام عێراق هاتنیانی سنووردار کردووە. 
 
مەجید میرئەحمەدی، سەرۆکی کۆمیتەی ناوەندیی ئەربەعین دەڵێ "حکومەتی عێراق، ئەم ساڵ بۆ زیارەتکارانی پاکستانی هەندێک مەرجی داناوە. یەكێک لە مەرجەکان دیاریکردنی ژمارەیانە و 50 هەزار کەسیان دیاریکردووە، هەروەها مەرجی تەمەنیان داناوە کە دەبێ سەرووی 50 ساڵ بن."
 
حکومەتی ئێران ژمارەیەک دەروازەی سنووری بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە و رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن تەرخان کردووە، بەشێکیان دەکەونە سەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، وەک دەروازە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەران، باشماخ، خوسرەوی و مێهران.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە