رووداو دیجیتاڵ
دەرمانی ئازار لە دەرمانخانەکان هەیە، بەڵام کاتێک هاووڵاتی تووشی ئازار دەبێت، نازانێت پەنا بۆ کوێ ببات. ئەنجوومەنی دەرمانسازانی ئێران دەڵێت، دەرمانخانەکان قەرزدارن و رەنگە چیدیکە نەتوانن بە بیمە، دەرمان بفرۆشن.
هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە، نەگەڕاندنەوەی قەرزی دەرمانخانەکانە لەلایەن رێکخراوەکانی بیمەوە. تەنیا رێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ئێران زیاتر لە 6000 ملیار تمەن، نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار، قەرزداری دەرمانخانەکانە.
هادی ئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی دەرمانسازانی ئێران دەڵێت، بەهۆی نەگەڕاندنەوەی قەرزی دەرمانخانەکان لەلایەن رێکخراوەکانی بیمەوە پیشەسازیی دەرمان تووشی قەیرانی کەمیی پارە بووە و دووکەڵی ئەو کێشەیە دەچێتە چاوی نەخۆشەکان.
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشی هەرە زۆری خەڵک بیمەیان هەیە و دەرمان بە نرخی بیمە دەکڕن؛ 366 جۆر دەرمان بە نرخی بیمە دەفرۆشرێن.
ئەگەر دەرمانخانەکان، فرۆشتنی دەرمان بە نرخی بیمە رابگرن، خەڵک دەبێت پارەیەکی زۆر زیاتر بۆ کڕینی دەرمان تەرخان بکەن.
پێش ئەوەی ئەو کێشەیە سەرهەڵبدات، دەیان جۆر دەرمان بە نرخی بیمە لە دەرمانخانەکانی ئێران دەستنەکەوتن و خەڵک دەبوو بە نرخی ئازاد بیانکڕن.
داوود مەنزور، سەرۆکی رێکخراوی پلاندانان و بودجەی ئێران دەڵێت، "بۆئەوەی گوشار نەخرێتە سەر خەڵک، یارانەی دەرمانمان داناوە. لە بودجەی ئەم ساڵدا پێشبینی کراوە 85 هەزار ملیار تمەن هاوکاریی خەڵک بکرێت بۆ دابینکردنی دەرمان."
بەپێی یاسای رێکخستنی کاروباری دارایی ئێران، رێکخراوەکانی بیمە دەبێت دوو هەفتە دوای گەیشتنی پسووڵەکان، لانیکەم 60%ی پارەی دەرمانخانە و نەخۆشخانەکان بدەن.
ماوەی گەڕاندنەوەی کۆی قەرزەکەش نابێ بگاتە سێ مانگ، بەڵام ئەنجوومەنی دەرمانسازی ئێران دەڵێت، رێکخراوەکانی بیمە پابەندی ئەو یاسایە نین و قەرزی زۆریان لەسەر کەڵەکە بووە و نایگەڕێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ