ناوەندی ئاماری ئێران: رێژەی بێکاری نزیکەی 9.7%ـە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستفرۆشی، کارێکی ناچارییە بۆ دابینکردنی بژێوی، نیشانەیەکی بێکاریشە. نەبوونی هەلی کار هۆکاری ئەو دیاردەیە. بەپێی ئامارێکی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی بێکاری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 9.7%ـە.
 
بەپێی راپۆرتی نوێی ناوەندی ئاماری ئێران رێژەی بێکاریی لە وەرزی زستاندا گەیشتووەتە 9.7%، ئەمەش بەراورد بە زستانی پێشتر نزیکەی 1.5% زیاترە، واتە زستانی ساڵی 2022 ژمارەی بێکارەکان 2 ملیۆن و 409 هەزار کەس بوون، بەڵام ئەم زستانە بووەتە 2 ملیۆن و 526 هەزار کەس، کەسانێک کە بە شوێن کاردا دەگەڕێن بەڵام دەستیان ناکەوێت، لە کاتێکدا بەرپرسانی حکومەت لەم ماوەیەدا گوتوویانە ژمارەی بێکارەکان کەمتریش بووەتەوە.
 
عەلی بەهادۆری جەهرۆمی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، "کاتێک ئەم حکومەتە دەستبەکار بوو، رێژەی بێکاری نزیکەی 10% بوو. ئێستا کە پێکەوە قسە دەکەین، بەپێی دوایین ئاماری پاییز رێژەی بێکاری 8.2%ە، واتە رێژەی بێکاری نزیکەی 2% کەم بووەتەوە، ئەمە واتە وەبەرهێنان لە بواری رەخساندنی هەلی کاردا، سەرکەوتوو بووە."
 
بەڵام ئەگەر وردتر لە ئامارەکانی ناوەندی ئامار ورد ببینەوە، بارودۆخ بە جۆرێکی دیکەیە. حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی بەڵێنی دابوو ساڵانە یەک ملیۆن هەلی کار بڕەخسێنێت، بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئامار، ساڵی پار حکومەت توانیویەتی نزیکەی 263 هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "لە بواری رەخساندنی هەلی کاردا حکومەت پابەندی بەڵێنەکەی بووە و لەم بوارەدا دوانەکەوتووین، واتە ئەو یەک ملیۆن هەلی کارەی باسمان کرد، بە ئامار هەیە و رەخسێندراوە."
 
لەنێو پارێزگاکانی هەموو ئێراندا، پارێزگای سنە بەرزترین رێژەی بێکاریی تۆمار کردووە، کە 20.5% بووە، بەراورد بە زستانی پار 3.8% زیاتر بووە. پارێزگای کرماشان دووەمین پارێزگای بێکاری ئێران بووە، کە رێژەی بێکاری 15.1% بووە، بەڵام ئەمە بەراورد بە زستانی پار 2.8 کەمتر بووەتەوە.
 
رێژەی بێکاری لە پارێزگای لوڕستان 12.8%، لە پارێزگای ورمێ 12.1% و لە پارێزگای ئیلامیش 6.8% بووە، جگە لە ئیلام کە یەکێک لە نزمترین رێژەکانی بێکاریی هەبووە، بێکاری لەوانی دیکەدا بەرز بووە.
 
زیاتربوونی ژمارەی هەلی کار و دابەزینی بێکاری وەکو بنەمایەکی پەرەسەندوویی کۆمەڵگە لە قەڵەم دەدرێت، هەروەها بنەمایەکیشە بۆ لێکدانەوەی بارودۆخی ئابووریی وڵات.
 
رەخساندنی هەلی کار لە ساڵی رابردوودا دیمەنێکی هیوابەخش لە ئابووریی ئێران نیشان نادات و هەموو ساڵێکیش ژمارەی بێکارەکان پێیانەوە زیاد دەبێت، دەستخستنی کار ئاسان نییە، بۆیە زۆر کەس لە گەڕان بۆ کار ماندوو دەبن و تەنانەت وەکو بێکاریش لە ئامارەکاندا ئەژمار ناکرێن.