رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی رۆژنامەڤانانی کەنەدا خەڵاتی ساڵانەی ئەنجوومەنەکەی بەخشییە ئەو دوو رۆژنامەڤانە ئێرانییە، کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی راپۆرت لەبارەی ژینا ئەمینی، دەستبەسەرکراون.
لە رێوڕەسمێکدا کە شەوی رابردوو بەڕێوەچوو، خەڵاتی ساڵانەی ئازادیی رادەربڕینی ئەنجوومەنی رۆژنامەڤانانی کەنەدا بە نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەممەدی، رۆژنامەڤانانی ئێران بەخشرا. ئەو خەڵاتە ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو رۆژنامەڤانانەی گیانی خۆیان دەخەنە مەترسی تاوەکو بنەمای ئازادیی میدیا و راگەیاندن بپارێزن.
نیلوفەر حامیدی دوای گەیاندنی ژینا ئەمینی بە نەخۆشخانە راپۆرتێکی لەبارەی دەستبەسەرکردن و تێکچوونی تەندروستیی ئەو کچە کوردە لە گرتووخانەی پۆلیسی رەوشتی تاران بڵاوکردەوە و لە 21/09/2022 بەوهۆیە دەستبەسەر کرا.
هەروەها ئیلاهە حامیدی راپۆرتێکی لەبارەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە سەقز و ناڕەزایی خەڵک بڵاوکردەوە و لە 27/09/2022 دەستبەسەر کرا.
سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران پێشتر لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا لەبارەی ناڕەزاییەکان، ئەو دوو رۆژنامەڤانەیان بە "سیخو"ی وڵاتانی رۆژئاوایی تۆمەتبار کردووە.
گوتەبێژی دەزگای دادی ئێران چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاند، هێشتا دیار نییە ئەو دوو رۆژنامەڤانە بەر لێخۆشبوون لە دەستبەسەرکراوان دەکەون یان نا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ