کۆمپانیاکانی بەدواداچوونی بواری وزە: هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە

16-01-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیاکانی بەدواداچوونی بواری وزە دەڵێن، لە دوو مانگی کۆتایی ساڵی 2022دا هەناردەی نەوتی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبووە و ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمار کردووە.
 
کۆمپانیای ئێس ڤی بی ئینتەرناشناڵ، کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی بواری راوێژکاریی وزەیە، رۆژی یەکشەممە 15-01-2023 رایگەیاند، هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لە مانگی کانوونی یەکەمدا بە تێکڕا یەک ملیۆن و 137 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە، بەوەش بەراورد بە مانگی تشرینی دووەم، 42 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیادبووە و بەرزترین ئاست بووە بە درێژایی ساڵی 2022.
 
سارا ڤاخشووری، شارەزای بواری ستراتیژییەتی وزە لە SVB دەڵێت، "بەراورد بە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ، [لە سەردەمی ئیدارەی بایدن] هیچ سەرکوتکردن یان رێوشوێنێکی تووند دژی هەناردەی نەوتی ئێران نەگیراوەتەبەر". دەشڵێت، "هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو، لەم مانگەشدا ئێران نەوتێکی زۆری هەناردە کردووە."
 
سارا باس لەوەش دەکات، "کەمبوونەوەی خواستی چین و هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ ئەو وڵاتە ئاڵنگارییەکی گەورە بوو بۆ هەناردەی نەوتی چین. بەڵام هێشتا زۆربەی نەوتی ئێران بۆ هەناردەی رۆژهەڵاتی دوور دەکرێت کە چینە."
 
هاوکات کۆمپانیای کپلەر کە کۆمپانیایەکی بەدواداچوونی وزەیە، دەڵێت، لە مانگی تشرینی دووەمدا هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە. دەشڵێت، لە مانگی کانوونی یەکەمدا ئەو بڕە بۆ کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزیوە.
 
ئاژانسی فارس نیوز، کە ئاژانسێکی نیمچە فەرمیی ئێرانە، لەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە، "رەشنووسی بودجەی دەوڵەتی لەسەر بنەمای هەناردەکردنی یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە داڕێژراوە."
 
چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە؛ بەشێک لە کۆمپانیاکانی بەدواداچوونی وزە، لەنێویاندا FGE دەڵێن، بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان، زۆربەی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بۆ چین، بەناوی نەوتی وڵاتانی دیکە هەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێت.
 
هیچ ئامارێکی دیاریکراو لەبارەی هەناردەی نەوتی ئێران لەبەردەست نییە و زۆرجار مەودای نێوان خەمڵاندنەکان بەرفراوانن. کۆمپانیاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان رێگەی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن بۆ بەدواداچوون، لەوانەش داتاکانی مانگە دەستکردەکان، داتاکانی بارکردن لە بەندەرەکان و هەواڵگری.
 
حکومەتی ئێران بەگشتی هیچ ئامارێک لەبارەی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەیەوە بڵاوناکاتەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای ڤۆرتێکساش، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادبووە، بەوەش بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی 130% زیادیکردووە.
 
کۆمپانیاکە دەڵێت، زۆربەی ئەم بارە نەوتانە دەچنە شاندۆنگ، کە پاڵاوگە سەربەخۆکانی لە نیوەی دووەمی ساڵی 2022ەوە دەستیان کردووە بە کڕینی نەوتی داشکێندراو، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت لە نێوخۆی چین.
 
کۆمپانیای ڤۆرتێکسا باس لەوە دەکات، هەنارەدی نەوتی ئۆرالی رووسی کە رکابەری سەرەکیی نەوتی ئێرانە، لە مانگی کانوونی دووەمدا دابەزیوە، چونکە دیاریکردنی نرخی نەوتی رووسیا و قەدەخەکردنی لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە، نادڵنیایی بۆ کڕیاران دروستکردووە.
 
هاوکات لە ئەگەری زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیشدا، ئێران بواری بۆ دەڕەخسێت هەناردەی نەوت بۆ کڕیارانی پێشووی وەکو کۆریای باشوور و ئەوروپا زیاد بکات.
 
بەپێی کۆمپانیاکانی بەدواداچوونی وزە، لە ساڵی 2018 و بەر لەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی بکشێنێتەوە، ئێران رۆژانە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەناردە دەکرد؛ بەڵام دوای كشانەوەی ئەمریکا، ئەو بڕە بۆ نزیکەی 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە ساڵی 2020 دابەزی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە