لە هێرشێکی چەکداریدا لە ئێران 11 پۆلیس کوژران

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی پۆلیس لە پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، 11 پۆلیس کوژران. میدیاکانی ئێرانیش دەڵێت، "جەیشولعەدل" لە پشت هێرشەکەوەیە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 15-12-2023، عەلیرەزا مەرحەمەتی، جێگری پارێزگاری سیستان و بەلووچستان بۆ کاروباری ئەمنی بە میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر بارەگای هێزەکانی پۆلیسی راسک و بە هۆیەوە 11 کەس لە هێزەکانی پۆلیس کوژراون.
 
ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی سیستان و بەلووچستانیش لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "نیوەشەوی رابردوو لەلایەن تیرۆریستەکانەوە بەشێوەیەکی ناجوامێرانە هێرشکراوەتەوە سەر بارەگای هێزەکانی پۆلیس لە قەزای راسک."
 
بەگوێرەی میدیای ئێران، گرووپی جەیشولعەدل، کە گرووپێکی چەکداری بەلووچەکانە، بەرپرسیاریێتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرتووە.