تاران و مۆسکۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەبواری بۆشایی ئاسمان واژۆدەکەن

15-12-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران و دامەزراوەی بۆشایی ئاسمانی رووسیا (رۆسکۆزمۆس)، بۆ زیادکردنی هاوئاهەنگی لەبواری بۆشایی ئاسمان، لە پەراوێزی یازدەیەمین پێشانگەی ئاسمانی و بۆشایی ئێران، لە دوورگەی کیش لە ئێران، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد. 
 
حەسەن سالاریە، سەرۆکی ئاژانسی بۆشایی ئێران و یوری بۆریسۆڤ، سەرۆکی رۆسکۆزمۆس دوای کۆبوونەویەک، یادشتنامەکەیان واژۆ کرد. 
 
سالاریە باسی لەوە کرد، بەپێی ئەم یاداشتنامەیە، پێکەوەکارکردنی تاران و مۆسکۆ لە بواری دروستکردنی سەتەلایتی شوێنکەوتن، سەتەلایتی پەیوەندی و دابینکردنی کەلوپەلی تاقیگە بۆ پێکەوەبەستن و تاقیکردنەوەی سەتەلایتەکان، زیاتر دەبێت. 
 
هاوکات بۆریسۆڤ گوتی، لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانیان باسیان لە دروستکردنی نەوەی نوێی سەتەلایتەکانی خەیامیان کردووە، بۆ ئەوەی لە رێگەیانەوە ئاسمانەوانی ئێرانی بنێردرێنە بۆشایی ئاسمان. 
 
سەرۆکی ئاژانسی رۆسکۆزمۆس هەنگاوەکەی بە "سەرکەوتن" بۆ هاوئاهەنگیی نێوان رووسیا و ئێران لە بواری بۆشاییدا ناوبرد.
 
سەرۆکی ئاژانسی بۆشایی ئێرانیش ستایشی مێژووی رووسیای لە بواری بۆشایی ئاسماندا کرد و گوتی، بە کارکردن لەگەڵ ئەو وڵاتە، تاران دەتوانێت "زووتر بە ئامانجەکانی بگات."
 
زیاتر لە 90 کۆمپانیای ئێرانی لە پێشانگەی بۆشایی و ئاسمانی ئێران بەشدار بوون کە رۆژی چوارشەممە بەڕێوەچوو و، تاوەکو هەینی بەردەوام دەبێت. 
 
پێشانگەکە دوو ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت. یەکەمین جار ساڵی 2002 رێکخرا. ئامانج لێی خستنەڕووی نوێترین داهێنانەکانی ئێرانە لە بواری پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە