گەشتوگوزاری ئێران: دوو ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هاتوونەتە وڵاتەکەمان

رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری کولتوور، گەشتوگوزار و پیشە دەستییەکانی ئێران دەڵێت، ئەم ساڵ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دوو ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار چوونەتە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
 
ئەمڕۆ هەینی 15-11-2024، عەلی ئەسغەر شاڵبافیان، جێگری وەزیری کولتوور، گەشتوگوزار و پیشە دەستییەکانی ئێران بۆ کاروباری گەشتوگوزار لە دووەم پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار لە سلێمانی رایگەیاند، ''ئەم ساڵ دوو ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە سەردانی ئێرانیان کردووە کە ژمارەیان بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو 47٪ زیادیکردووە.''
 
عەلی ئەسغەر شاڵبافیان گوتی، ''پەیوەندیی هاوبەش و دێرینی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆی باشبوونی بەردەوامی پەیوەندییە گەشتیارییەکانی نێوانیان.'' 
 
جێگری وەزیری کولتوور، گەشتوگوزار و پیشە دەستییەکانی ئێران گوتی، بۆ سەردانیکردنی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ وڵاتەکەیان، ئاسانکاریی زیاتر بۆ کەرتی گەشتیاری دەکرێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دەکرێت رەخساندنی زەوینە بۆ ناساندنی زیاتری ئێران بە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و پێچەوانەکەی، یارمەتیدەر بێت بۆ ئاسانکاریکردنی هاتووچۆی گەشتیاری نێوان دوو وڵاتەکە.
 
دووەم پێشانگەی گەشتوگوزاریی سلێمانی بە ئامادەبوونی دەیان کۆمپانیای گەشتیاریی نێوخۆیی و بیانی لە گۆڕەپانی پێشانگەی نێودەوڵەتیی تاسڵوجە بەڕێوەدەچێت.
 
جێگری وەزیری گەشتوگوزاری ئێران گوتیشی، ''خەڵکی هەرێمی کوردستان هەموو کات بە میواندۆستی ناسراون و ئەوە لای خەڵکی ئێران و گەشتیارانی ئێرانی بەناوبانگە".