لە دوو پارێزگای ئێران بوومەلەرزە روویدا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دوو بوومەلەرزە لە پارێزگاکانی خوراسانی رەزەوی و کۆهگیلۆیە و بۆیەرئەحمەد لە ئێران روویاندا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بوومەلەرزەکان زیانی گیانییان نەبووە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، کاژێر 09:01 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 15ی تشرینی دووەمی 2024 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4 پلەی رێختەر لە پارێزگاری خوراسانی رەزەوی روویدا.
حوجەتوڵڵا شەریعەتمەداری، قایمقامی کاشمەر رایگەیاند، بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەم چەند مانگەی دواییدا چەندین بوومەلەرزە و پاشلەرزە لە ناوچەکە روویانداوە، ژمارەیەک بینا و خانوو لە گەڕەکە کۆنەکان زیانیان بەرکەوتووە و بۆ مانەوە پارێزراو نین.
قایمقامی کاشمەر گوتیشی، پێویستە دانیشتووانی شار و گوندەکان هۆشیار بن، لەو شوێنانە دوور بکەونەوە کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی ئەم دواییەوە زیانیان بەرکەوتووە.
دوێنێش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.3 پلەی رێختەر شارەکانی کاشمەر و توربەت حەیدەرییە لە پارێزگای خوراسانی رەزەویی هەژاند، کە بەهۆیەوە 11 کەس لە شاری کاشمەر بریندار بوون.
هەروەها ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک شاری چەرام-ێ سەر بە پارێزگای کۆهگیلۆیە و بۆیەرئەحمەد لە ناوەڕاستی ئێران هەژاند.
ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران رایگەیاند، گوڕی بوومەلەرزەکە 4.1 پلەی رێختەر بووە و لە شارەکانی دەوروبەریش هەستی پێکراوە. بە پێی ناوەندەکە، لە شەوی پێنجشەممەوە تاوەکوو بەیانیی ئەمڕۆ، سێ جار بوومەلەرزە لە ناوچەکە روویداوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی کۆهگیلۆیە و بۆیەرئەحمەد رایگەیاند، بوومەلەرزەکان زیانی گیانیان نەبووە، بەڵام ژمارەک خانوو و بینا لە چەند گوندێک زیانیان بەرکەوتووە.
عەلیڕەزا نیکبەخت گوتی، چەندین تیمی پشکنین و فریاکەوتنیان ناردووە بۆ شوێنی بوومەلەرزەکە، بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەکان دەستنیشان بکەن و لە کاتی پێویستدا یارمەتی پێشکێشی هاووڵاتیان بکەن.