نرخی بەرهەمەکانی شیر لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 30% بەرزبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی شیرەمەنیی ئێران رایگەیاند، نرخی بەرهەمەکانی شیر 30% بەرزبووەتەوە.
 
بە گوتەی رەزا باکری، سکرتێری ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی شیرەمەنیی ئێران، 14%ی بەرزبوونەوەی نرخی شیرەمەنییەکان بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی شیری خاو و 16%یش بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنانە.
 
حکومەتی ئێران مانگی رابردوو نرخی شیری خاوی 20% بەرزکردووەتەوە و هەر کیلۆ شیری خاوی لە 15 هەزار تمەنەوە کردە 18 هەزار تمەن.
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی شیر خواست لەسەر کڕینی شیرەمەنییەکان کەمبووەتەوە.
 
محەممەد فەربود، گوتەبێژی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی بەرهەمەکانی شیری ئێران دەڵێت، بە شێوەی ستاندارد دەبێت هەر تاکێک لەو وڵاتە ساڵانە 165 کیلۆ شیر و بەرهەمەکانی بخوات، بەڵام ئێستا بە شێوەی مامناوەند هەر تاکێک کەمتر لە 70 کیلۆ شیر و شیرەمەنی دەخوات.