پزیشکیان داوای نەکردووە دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولکەریم حوسێنزادە بخرێتەوە دەنگدانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران بە فەرمی داوای لە پەرلەمان نەکردووە دەنگ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولکەریم حوسێنزادە، پەرلەمانتاری نەغەدە و شنۆ بدرێت، بۆ ئەوەی بکرێتە جێگری سەرۆککۆمار.
 
عەلیڕەزا سەلیمی، گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، بۆئەوەی دەستلەکارکێشانەوەی حوسێنزادە بخرێتەوە دەنگدانەوە، پێویستە سەرۆککۆماری ئێران بە فەرمی داواکارییەکە پێشکێش بە پەرلەمان بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیکردووە.
 
مەجید ئەنساری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری یاسایی رۆژی 07-10-2024 رایگەیاند، پزیشکیان پێداگری لەسەر دەستنیشانکردنی عەبدولکەریم حوسێنزادە وەکو جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ناوچە پەراوێزخراوەکان دەکات و لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان کردووە تاوەکو دەنگ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی بدرێت و داواکارییەکە لە پەرلەمان پەسند بکرێت.
 
پەرلەمانی ئێران رۆژی 25-09-2024 داوای دەستلەکارکێشانەی عەبدولکەریم حوسێنزادەی رەتکردەوە.
 
مەسعود پزیشکیان لە 26-08-2024 حوسێنزادەی وەکو جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ناوچە پەراوێزخراوەکان دەستنیشان کرد، بەڵام بۆ دەستبەکاربوون دەبێت دەست لە پەرلەمانتاری بکێشێتەوە.
بەپێی یاسا نێوخۆییەکانی پەرلەمانی ئێران، هەر پەرلەمانتارێک دەست لەکار بکێشێتەوە، دەبێ داواکارییەکە لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و ئەگەر پەسند کرا، دەتوانێ دەست لەکار بکێشێتەوە.  
 
ئەگەر عەبدولکەریم حوسێنزادە دەستبەکار بێت، دەبێتە یەکەم کوردی سوننەی ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران.
 
عەبدولکەریم حوسێنزادە ساڵی 1980 لە نەغەدە لەدایکبووە، ئەندازیاری تەواو کردووە و لە 2012 تاوەکو 2020 بۆ ماوەی دوو خول پەرلەمانتاری بازنەی نەغەدە و شنۆ بوو، هەروەها ساڵی 2024یش بۆ جاری سێیەم وەکو پەرلەمانتاری ئەو بازنەیە دەنگی هێنایەوە.