ئیسماعیل قائانی دەرکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتێکدا دەنگۆ، گومان و لێکدانەوەی جیاجیا لەسەر چارەنووسی ئیسماعیل قائانی هەبوون، ئەمڕۆ فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی هێزەکانی سوپای پاسداران ئامادە بوو، کە لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر بەیرووت کوژرا.
 
ئەمڕۆ لە تارانی پایتەختی ئێران، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە لوبنان بە ئامادەبوونی بەرپرسە باڵا سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیش لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە بوو.
 
لە رێورەسمەکەدا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، غولامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد، حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەوینی سوپای پاسداران، محەممەدعەلی جەحفەری، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و فەرماندەی ئێستای قەرارگەی بەقییەتوڵڵا ئەعزەمی سوپای پاسداران، هەروەها ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی سیاسی و سەربازیی ئێران ئامادە بوون.
 
بڕیارە دوای رێوڕەسمەکەی تاران، تەرمی عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە لوبنان ببرێتە مەشهەد و دواتریش دەگوازرێتەوە شاری ئەسفەهانی زێدی و لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.
 
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دوو هەفتە دیار نەبوو، کە ببووە هۆی ئەوەی دەنگۆ، گومان و لێکدانەوەی جیاجیا لەسەر چارەنووسی  بڵاوبکرێنەوە. 
 
لە دوای هێرشی رۆژی 27-09-2024ـی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت کە تێدا هاشم سەفیەدینی جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا کرایە ئامانج، دەنگۆی ئەوە هەبوو لە کاتی بەئامانجگرتنی ئەو بەرپرسەی حیزبوڵڵای لوبنان، قائانی بەر بۆردوومانەکە کەوتبێت.
 
دەرنەکەوتنی قائانی لە میدیا، کۆبوونەوە و رێوڕەسمەکان، زیاتر برەوی بە دەنگۆ و لێکدانەوە جیاوازەکان لەسەر چارەنووسی دابوو.
 
لە گوتاری نوێژی هەینیدا لە تاران کە عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران پێشنوێژیی کرد، لە کاتێکدا هەموو بەرپرسە سەربازی و سیاسییەکانی ئێران لەوێ بوون، قائانی ئامادە نەبوو. هەروەها لە رێوڕەسمی خەڵاتکردنی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش کە بەهۆی مووشەکبارانی ئیسرائیل رێکخرابوو، قائانی بەشدار نەبوو.
 
بەرپرسانی ئێرانی چەندین جار ئەو لێکدانەوە و دەنگۆیانەیان رەتکردبوو کە لەبارەی چارەنووسی قائانی بڵاودەکرانەوە.
 
ئیرەج مەسجیدی، یاریدەدەری هاوئاهەنگیکاری سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران هەفتەی رابردوو لەو بارەیەوە رایگەیاند:"زۆر کەس دەپرسن تەندروستیی جەنەراڵ قائانی چۆنە؟ تەندروستیی باشە و سەرقاڵی کار و چالاکییە. هەندێک کەس دەڵێن راگەیێندراو بڵاوبکەنەوە، بەڵام هیچ پێویست بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراو ناکات."
 
عەباس گوڵروو، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێرانیش گوتبووی، "قائانی سەلامەتە و هیوادارین سوپای پاسداران خۆی راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە و نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە."
 
قائانی شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانییە کە ساڵی 2020 بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا، لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە هێرشێکی درۆنییدا کوژرا.
 
رۆژی یەکشەممە 29-09-2024 سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە لوبنان،  لە هێرشەکەی رۆژی هەینی 27-09-2024 لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر بەیرووت کوژراوە.
 
عەباس نیلفرووشان لە 01-04-2024 دوای کوژرانی محەممەد رەزا زاهیدی لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر کۆنسووڵخانەی ئێران لە دیمەشق، وەک فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە لوبنان دیاری کرا.