وەزارەتی پەروەردەی ئێران: زیاتر لە 20٪ی قوتابیان واز لە خوێندن دەهێنن

15-10-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پەروەردەی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە 20٪ی قوتابیانی قۆناخەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە هۆکاری جیاواز کە سەرەکیترینیان "هەژارییە" ناتوانن لە خوێندن بەردەوام بن و بە ناچاری وازیان لە خوێندن هێناوە.
 
ئەمرۆ یەکشەممە، 15-10-2023، وەزارەتی پەروەردەی ئێران ئامارێکی نۆێی لەبارەی بارۆدۆخی خوێندن لە قۆناخەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی و وازهێنانی قوتابیان لە خوێندن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە ئامادە کراوە، لە ساڵی خوێندنی 2022-2023، لە هەر سێ قۆناخەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی، 929 هەزار و 798 قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە کە 489 هەزار و 574 کەسیان قوتابی کوڕ و 440 هەزار و 224 کەسیان قوتابی کچن.
 
وەزارەتی پەروەردەی ئێران ژمارەی ئەو قوتابیانەی لە هەر قۆناخێکدا وازیان لە خوێندن هێناوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "لە قۆناخی سەرەتایی 175 هەزار و 114 قوتابی، لە قۆناخی ناوەندی 197 هەزار و 690 قوتابی و لە قۆناخی ئامادەییش 556 هەزار و 994 قوتابی."
 
بەپێی ئامارەکە، "رێژەی ئەو قوتابیانەی وازیان لە خوێندن هێناوە، لە قۆناخی سەرەتایی 1.93٪، لە قۆناخی ناوەندی 4.97٪ و لە قۆناخی ئامادەییش گەیشتووتە 15.68٪ی کۆی قوتابیانی ئەو قۆناخەیە."
 
ئامارەکە ئاماژە بەوەش دەکات، کە تێکڕای رووبەری پەروەردەیی لە ئێران 5.22 مەتر چوارگوشەیە بۆ هەر کەسێک، هەروەها 57٪ی قوتابیانی قۆناخی سەرەتایی، 23.7٪ی قوتابیانی قۆناخی ناوەندی و 18.5٪ی قوتابیانی قۆناخی ئامادەیی لە قوتابخانە حکومییەکان دەخوێنن و ئەوانەی دیکە لە قوتابخانە تایبەتەکان بەردەوامن لە خوێندن.
 
سەبارەت بە هۆکاری وازهێنانی قوتابیان لە خوێندن لەو وڵاتە، گۆڤاری ئێرانی "لێکۆڵینەوە لە سیستەمە پەروەردەییەکان" باسی چەندین هۆکار دەکات و دەڵێت، "هەژاری و کەمداهاتی خێزانەکان، کێشەکانی ناوخۆیی سیستەمی پەروەردە، داهاتووی نادیار لە بواری دەرفەتی کار، خراپتربوونی بارۆدۆخی ئابووری ئێران و بەرزبوونەوەی بەردەوامی رێژەی هەڵاوسان ئەو هۆکارە سەرەکییانەن کە قوتابیان ناچار دەکەن واز لە خوێندن بهێنن."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، یووسف نووری، وەزیری پێشووی پەروەردەی ئێران لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ رایگەیاندبوو، لە سەرانسەری ئەو وڵاتە نزیکەی 9 ملیۆن کەسی نەخوێندەوار هەن، کە دەکاتە نزیکەی 10٪ـی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە