لە شنۆ وەرزی رنینی سێوە و کرێکاران لە شارەکانی دیکەوە روو لە باخەکانی ئەو شارە دەکەن

16-10-2023
رنینی سێو لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان
رنینی سێو لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان
نیشانەکردن سێو شنۆ رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەرزی رنینی سێوە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ 137 هەزار تۆن سێو لە باخەکانیدا بەرهەمبێت، هاونیشتمانییان لە شارەکانی دیکەوە بۆ رنینی سێو روو لەو شارە دەکەن، بەڵام رووبەڕووی چەندین گرفت دەبنەوە.
 
ئەو کرێکارانەی بەمەبەستی رنینی سێو روودەکەنە باخەکانی شنۆ، دەبێت تاوەکو تەواوبوونی ماوەی کارەکەیان لەو شارەدا بمێننەوە، بەڵام دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆیان بووەتە کێشەیەکی گەورە.
 
ئامینە و کەسوکاری لە سەردەشتەوە چوونەتە شنۆ بۆ سێوڕنین. ئەو دوو منداڵی نەخۆشی هەیە و بۆ دابینکردنی تێچووی چارەسەرکردنیان و بەخێوکردنیان، ناچارە ئەم کارە بکات. 
 
ئامینە، لەگەڵ چەند خێزانێکی دیکەی کەسوکار و ناسیاوی رێککەوتوون، لە باخەکانی سێودا بە رۆژانە کاربکەن، بۆ ئەوەی لانیکەمی داهاتێکیان هەبێت و زستانی ئەمساڵی پێ تێپەڕێنن.
 
کرێکاران رۆژانە بە 400 تاوەکو 500 هەزار تمەن (کەمتر لە 10 دۆلار) لە باخەکانی شنۆ کاردەکەن، ئەوان دەڵێن بەهۆی گرانبوونی نرخی خواردەمەنی و پێداویستییەکان، بەشێکی کەم لەو داهاتەیان بۆ پاشەکەوت دەکرێت.
 
کرێکاران لە باخەکانی سێو، زیاتر بە شێوەی خێزانی ئەو کارە دەکەن. ئەندامانی چەند خێزانێک یەک دەگرن و ژن و پیاو، منداڵ، گەنج و بەساڵاچوو پێکەوە لە باخێکدا کار دەکەن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێش پێشبینی کردووە، ئەمساڵ یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن سێو لە باخەکانی ئەو پارێزگایە هەڵبگیرێتەوە. بە پێی مەزندەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ئەمساڵ سێو بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەرفەتی کار و داهاتی بۆ زیاتر لە 102 هەزار کەس رەخساندووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە