دانیشتووانی گوندەکانی لوڕستان لەترسی لافاو دەگوازرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

هەندێک لە گوندەکانی پارێزگای لوڕستان مەترسییان لەسەرە. مەترسی لافاو هەتاوەکو رۆچوونی زەوی، بەتایبەت کە کەشناسیی لوڕستان پێشبینیی کردووە ئەمساڵ زیاتر لە ئاستی ئاسایی باران ببارێت. بۆیە پارێزگاری لوڕستان بڕیاری گواستنەوەی دانیشتووانی ئەو گوندانەی داوە.
 
فەرهاد زیویار، پارێزگاری لوڕستان گوتی "بارینی بەفر و باران نزیک بووەتەوە. بەپێی راپۆرتی کەشناسی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، لە ناوەڕاستی پاییزەوە بارانێکی زیاتر لە ئاستی ئاسایی دەبارێت، دەبێت ئامادەکاریی بکەین بۆ ئەوەی سوود لە بارینەکان وەربگرین، نەوەک ئەوەی زیانیان لێبکەوێتەوە. یەک، دوو گوند رەنگە لافاو بیانگرێتەوە، بڕیاردرا دامودەزگا جیاوازەکان هاوکاری بکەن، بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە."
 
بەڵام کۆتایی هاوینی ساڵی 2022، شێرزاد نەجەفی، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی لوڕستان، گوتی: 218 گوند مەترسیی رۆچوونی زەوییان لەسەرە، بارانی بە لێزمە، جۆری خاک و دەستوەردانی مرۆڤ لە سرووشت، هۆکارەکانی رۆچوونی زەوین.
 
هۆکاری سەرەکیی لافاویش بۆ بڕینەوەی داری دارستانەکان دەگەڕێتەوە، لەگەڵ بەرتەسککردنەوەی رێڕەوەکانی ئاو و دروستکردنی خانوو و شتی دیکە. لەم رووەوە پارێزگای لوڕستان لە ساڵانی رابردوودا زیانی زۆری بەرکەوتووە، ساڵی 2019 لافاوێکی بەتین لوڕستانی گرتەوە، کە زیانی زۆری بە کشتوکاڵ، خانووبەرە و ژێرخانەکانی ئەم پارێزگایە گەیاند.
 
بەگوتەی مورتەزا شێروانی، بەڕێوەبەری رێگەوبان و گواستنەوەی لوڕستان، هێشتا بەشێک لە پردەکان چاکنەکراونەتەوە و لە دوو ساڵی رابردوودا بودجەیان بۆ دابین نەکراوە. تەنانەت پارەی زیانەکانی کشتوکاڵی ئەو کاتیش نەدراون.
 
فەرهاد زیویار، پارێزگاری لوڕستان گوتی "بابەتێکی دیکە وەرگرتنی قەرزی بانکییە، ئەویش نزیکەی 171 ملیار تمەنە، کە پەیوەندیی بە کەرتی کشتوکاڵەوە هەیە و لەدوای لافاوی ساڵی 2019، بڕیاری لەسەر دراوە جووتیارەکان بتوانن وەریبگرن، بۆ ئەم مەبەستەش گرووپێک پێکهاتووە."
 
کەشناسیی لوڕستان رایگەیاندووە، پاییزی ئەمساڵ دیاردەی ئێلنینۆ ئەم پارێزگای دەگرێتەوە، واتە بارانی بەلێزمە و لافاو، دەزگا پەیوەندیدارەکان لە لوڕستان دەیانەوێت خۆیان بۆ دۆخێکی لەوجۆرە ئامادە بکەن.