دەرهێنەرێکی ئێرانی و هاوژینەکەی لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران

15-10-2023
فواد حەقیقی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی پارێزگای ئەلبۆرز لە ئێران رایگەیاند، داریوش مێهرجویی، دەرهێنەر و نووسەر لەگەڵ وەحیدە محەممەدی فەری هاوژینیدا لەنێو ماڵەکەیاندا بە چەقۆ کوژراون؛ بەڵام هێشتا هۆکاری کوژرانیان دیار نییە و پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
 
حەمید هوداوەند، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ئەلبۆرز رایگەیاند، داریوش مێهرجویی و هاوژینەکەی، درەنگانی شەوی شەممە لە ڤێلایەکی تایبەت بە خۆیاندا لە زیبادەشتی سەر بە مشکین ئاباد، کوژراون.
 
حوسێن فازڵی هەریکەندی، سەرۆکی دادی پارێزگای ئەلبۆرز سەبارەت کوژرانی داریوش مێهرجووی و هاوژینەکەی بەناوی وەحیدە محەممەدی فەر ئەمڕۆ یەکشەممە گوتی، "کچی داریوش مێهرجویی کاژێر 22:25 خوولەک سەردانی ماڵی باوکی دەکات، زەنگی دەرگا لێدەدات، بەڵام کەس وەڵام ناداتەوە، بە کلیل دەرگا دەکاتەوە، کاتێک دەچێتە ژوورەوە دەبینێت باوک و دایکی بە چەقۆ کوژراون."
 
سەبارەت بە هۆکار و بکەرانی رووداوەکە، حەمید هوداوەند گوتی، "ئەم تاوانە لەلایەن کەس یان کەسانێکەوە کراوە، بەڵام هێشتا نازانرێت بۆچی کوژراون، تیمە پسپۆڕەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە."
 
داریوش مێهرجویی، دەرهێنەر، نووسەر و فیلمساز رۆژی 09-12-1939 لە تاران لەدایکبووە؛ ئەو جگە لە کاری سینەما، رۆماننووس و وەرگێڕیش بووە.
 
مێهرجویی لە ئەمریکا بەشی فەلسەفەی خوێندبوو، ساڵی 2014 خەڵاتی شوالیەی ئەدەب و هونەری فەرەنسای پێدرا. ساڵی 1969 یەکەمین فیلمی خۆی بەناوی "مانگا" بەرهەمهێنا، کارەکانی بە نوێگەری لە سینەمای ئێراندا سەیر دەکرێن.
 
وەحیدە محەممەدفەر، نووسەر و هاوژینی داریوش مێهرجویی، چەند مانگ لەمەوبەر لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا نووسیبووی، کەسێک بە چەقۆوە هاتووەتە نێو ماڵەکەیان و هەڕەشەی لێکردوون.
 
حوسێن فازڵی هەریکەندی، سەرۆکی دادی پارێزگای ئەلبۆرز گوتی، "بە پۆلیس و داواکاری گشتی راگەیێندراوە لێکۆڵینەوە لەسەر کوشتنی مێهرجویی و هاوژینەکەی بکرێت، بکوژ دەستنیشان و دەستبەسەر بکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە