340 مامۆستای ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرکۆنەی تووندوتیژی دژی خۆپێشاندەران دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

چوارەم هەفتەی ناڕەزایەتییەکان تێپەڕی، بەڵام هێشتا خۆپێشاندان بەردەوامە. شەوی رابردوو ناڕەزایەتی لە هەندێک شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازی جیاواز بەردەوام بوون. 
  
هاونیشتمانییەک لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، "لە بۆکان لە رێککەوتی 22ی رەزبەر، بە گوللە تەقەیان لە لاوەکان کردووە، ئەویش بە کڵاشینکۆف. هەروەها ئۆتۆمبیلەکەیان کون کون کردووە." 
 
ناڕەزایەتییەکان و داواکارییەکانیان گەیشتووەتە شوێنە هەرە دوورەدەستەکانیش. چرۆ قوتابییەکی پۆلی یەکەمی سەرەتاییە و لە گوندێکی جوانڕۆ دەژی، ئەویش دروشمی ئەم رۆژانەی شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زارییەتی و دەیڵێتەوە. 
 
مامۆستایانی ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستانیش پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییەکان کردووە. 340 مامۆستا لە راگەیێندراوێکدا "تووندوتیژی، دەستبەسەرکردن و کوشت و کوشتاری خۆپێشاندەران"یان "زۆر بە تووندی" سەرکۆنە کردووە. 
 
بەپێی زانیارییەکان، لە رۆژانی رابردوودا ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لەو مامۆستایانە کردووە، پاشگەز ببنەوە و پەشیمانی رابگەیێنن. هەندێک لەو مامۆستایانە بانگکراونەتە ناوەندە ئەمنییەکان و هەندێک بە تەلەفۆن هەڕەشیان لێکراوە، ئەگەر پەشیمان نەبنەوە، زیندانی دەکرێن.
 
لوقمان ئەمینی، مامۆستای ئایینییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێت کە پەیوەندی بە مامۆستای ئایینییەوە کراوە و "هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە." 
 
لە کۆبوونەوەی یەکشەممەی هەفتەی رابردووی، نوێنەری رێبەری ئێران لە پارێزگای سنە رەخنەی زۆر لە هەڵوێستی ئەو مامۆستایانە گیراوە. بەپێی فایلی دەنگیی ئەو کۆبوونەوەیە کە بە رووداو گەیشتووە، عەبدولڕەزا زەهبی ئەو مامۆستایانە تۆمەتبار دەکات راستییەکانیان لەبەرچاو نەگرتووە و لایەنی دیکە راگەیێندراوی بۆیان نوسیووە. 
 
عەبدولڕەزا زەهبی، نوێنەری رێبەری ئێران لە پارێزگای سنە لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی: بەڕاستی من دەبێت باوەڕ بکەم کە ئەمە ئێوە نووسیووتانە، واتا ئێمە نازانین ئەو شتانە کێ دەینوسێت، ئەمانە قسەیان لەزارنراوە، بیریان لە قسەکانیان نەکردووەتەوە کە بەداخەوە بۆنی بیرکردنەوەیان لێ نایەت. 
 
گوتەکانی نوێنەری رێبەری ئێران لە پارێزگای سنە ناڕەزایەتی هەندێک لە مامۆستای ئایینی سوننە مەزهەبەکانی بەدواوە بوو. لەلایەکی دیکەش، پۆلیسی ئێران سکاڵای دژی چوار پەرلەمانتار تۆمار کردووە، هۆکاری ئەوەش هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانەیە لەسەر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە بنکەی پۆلیسی رەوشتی تاراندا.  
 
یەک لەوان مەهدی فەرشادان، نوێنەری شارەکانی سنە، کامێران و دیواندەرەیە، ئەو پێشتر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بە "جێی گومان" لە قەڵەمدابوو و گوتبووی: ئەمە هەستی خەڵکی بریندار کردووە و لە بەرامبەریدا بێدەنگ نابم. 
 
ناڕەزایەتییەکان ناکۆکییەکانی قوڵتر کردووەتەوە، وادیارە هیچ لایەنێکیش مەیلی پاشەکشێی نییە.