لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێکاری بە کێشەی سەرەکیی گەنجان دادەنرێت
رووداو دیجیتاڵ
نەبوونی هەلیکار لە رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێکە لە کێشە سەرەتاییەکانی گەنجان و لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی کێشە ئابوورییەکانی ئێرانەوە زیاتریش بووە. بەجۆرێک بەردەوام زۆرترین رێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆماردەکرێت.
بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانیان ئەو کێشانە بە بنەڕەتیتر دەزانن و دەڵێن؛ حکومەت نەیتوانیوە پارەی نەوت بێنێتە سەر سفرەی خەڵک و هەر ئەوەش وایکردووە، رۆژبەڕۆژ رێژەی بێکاری لەو وڵاتە بەرزتربێت.
بەڵام ئەو کێشانە نەبوونە هۆی وەستانی گەنجان. لە زۆربەی شارەکان، بەشێک لە گەنجان بێ ئەوەی بیر لە کاری قاچاخ و بێ داهاتوو بکەنەوە، خۆیان دەست دەدەنە دامەزراندنی کار و لە هەموو رێکارێک کەڵک وەردەگرن بۆ پێشکەوتن لە بوارەکەیاندا.
بەپێی دوایین ئامارەکانی حکومەتی ئێران، رێژەی بێکاری لەو وڵاتە 8.2٪ ـە و ئەو رێژەیە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوام زیاترە بەراورد بە ئاستی مامناوەندی ئێران.