میدیاکانی ئێران: حەوت کەشتی لە بەندەری بوشێهر ئاگریان گرتووە

15-07-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئێران بوشێهر نەتەنز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، حەوت کەشتیی ئەو وڵاتە لە بەندەری بوشێهر ئاگریان گرتووە، ئەمەش دوایین رووداوە لەو زنجیرە رووداوە ناڕوونانەی کە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە لە دەوروبەری ناوچە ئەتۆمی و پیشەسازییەکان روویانداوە.
 
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا هیچ قوربانییەک بەهۆی گڕگرتنی ئەو کەشتییانەوە نەبووە.
 
لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە ژمارەیەک تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە دەوروبەری ناوچە پیشەسازی، ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران روویانداوە، لەنێویاندا تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز لە 2ی تەممووزی 2020.
 
تاران دەڵێت وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە. دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا و ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پێیانوایە کە ئێران خاوەنی ئەو بەرنامە ئەتۆمییەیە کە لە ساڵی 2003دا هەڵیپەساردووە، بەڵام ئێران رەتیدەکاتەوە.
 
لە سەرەتای مانگی تەممووز ئاژانسی ئێرنا رووداوەکەی بە کارێکی تێکدەرانەی دوژمنانی وەکو ئیسرائیل و ئەمریکا ناوبرد، هەرچەندە بەشێوەیەکی راستەوخۆ تۆمەتباری نەکردبوون. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە 5ی تەممووز رەتکردەوە کە وڵاتەکەی لەپشت هەر رووداوێکی ناڕوون بووبێت لە ئێران.
 
بەپێی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، ئێران مافی کارکردنی سنوورداری لە بنکەی نەتەنز هەیە، بەڵام دوای دەرچوونی ئەمریکا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە لە 2018، ئێران رایگەیاند، کارکردن لە بنکەکە فراوانتر دەکرێت.
 
بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵگرییەکان، ئێران لە وێستگەی نەتەنزدا دەستی بە گۆڕینی ئەو ئامێرانە کردبوو لە ئامێری ئەی ئاڕ 1 بۆ ئامێری ئەی ئاڕ 2 کە توانای پیتاندنیان بەرزە و دەکرێت لەڕێگەیەوە بە بۆمبی ئەتۆمی بگات و لە تەقینەوەکەشدا ئەو ئامێرانە کرابوونە ئامانج.
 
ئەمریکا و ئیسرائیل بە دەیان جار گوتوویانە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەردوو وڵاتەکە بەردەوام سیخوڕی بەسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە دەکەن، هێرشی ئەلیکترۆنیشیان بۆ زیانگەیاندن بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەکارهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە