هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران؛ لە شەش بەربژێر پێشبینییەکانی سەرکەوتن بە ئاراستەی سیانیانن

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکتربوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران، بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن لەنێوان هەر شەش بەربژێرەکە گەرمتر دەبن.
 
محەممەدڕەزا میرزارئی، دانیشتووی تاران دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە ئەو کەسە هەڵدەبژێردرێت کە کەسایەتیی ئەو لە شەهید رەئیسی نزیکترین بێت."
 
لە لیستێك کە 80 بەربژێری تێدابوو؛ ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، شەشیانی پەسند کرد؛ پێنج نەریتخواز و ریفۆڕمخوازێک.
 
سەعید جەلیلی نەریتخواز، یەکێكە لە بەربژێرە بەهێزەکان؛ نوێنەری رێبەری ئێران لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامی چالاکی پێشووی سوپای پاسدارانە.
 
شانازییە گەورەکەی دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئەتۆمی ئێرانە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەحمەدی نەژاد؛ هەروەها کشانەوە لە هەڵبژاردنی 2021 بە سوودی ئیبراهیم رەئیسی.
 
مستەفا مولاسالحی، دانیشتووی تاران دەڵێت، "بە کەسێك دەنگ دەدەین کە بەڵێنەکانی بەجێبگەیێنێت، جەلیلی باشترینی بەربژێرەکانە کە شەو و رۆژ کار دەکات."
 
جەلیلی سەرنجی خستووەتەسەر دۆسیەی ئابووری و بەڵێنی کەمکردنەوەی نەهامەتیی گوزەرانی خەڵک دەدات. لە کاتێکدا مەسعود پزیشکیان، تاکە ریفۆرمخوازی نێو گۆڕەپانەکە، بەڵێنی ئازادیی زیاتری خەڵک، بەتایبەتی ژنان، دەدات.
 
مەسعود پزیشکیان، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران دەڵێت، "ئەگەر ئێوەی ژنان، ئەگەر ژنانی ئێرانی، کچانی ئێرانی و هەموو ئەوانەی لە دەنگدان زوویر بوون، ئەگەر بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، دەتوانن رێگری لە دیدگەی سنوورداری لایەنی بەرامبەر لە ئاست ئێوەدا بهێنن."
 
پێشبینییەکان زیاتر بە ئاراستەی جەلیلی، قالیباف و پزیشکیانن. بە ئەگەری زۆرەوە هەریەک لە سێ بەربژێرە نەریتخوازەکانی دیکە لە 14یەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کە لە 28ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، دەکەونە پەراوێزی هەڵبژاردنەکانەوە.