پەرلەمانی ئێران دەنگی دا؛ پشووی هەفتانەی فەرمانگەکان دەکرێنە دوو رۆژ

15-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا پشووەکانی هەفتە لەو وڵاتە بکرێنە دوو رۆژ.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بەردەوام بوو لەسەر تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای پێداچوونەوە بە مادەی 87ـی یاسای بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکانی وڵات، کە تایبەتە بە زیادکردنی رۆژێک بۆ پشووەکانی هەفتە و کەمکردنەوەی ماوەی کارکردنی فەرمانبەران.
 
دوای گفتوگۆیەکی زۆر، پەرلەمانی ئێران بڕگەی سێیەمی پڕۆژەیاساکەی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، 136 پەرلەمانتار بە "بەڵێ" دەنگیان دا، 66 پەرلەمانتار بە "نەخێر" و سێ پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا. 
بەپێی بڕگەی پەسندکراو، جگە لە رۆژی هەینی، رۆژانی شەممەش لە ئێران دەبێتە پشوو.
 
دیاریکردنی رۆژی شەممە وەک دووەمین رۆژی پشووی هەفتە لە ئێران، لە لایەن کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پێشنیازکرابوو.
 
هەروەها پەرلەمانی ئێران ماوەی کارکردنی فەرمانبەرانیشی لە 44 کاژێر لە هەفتەیەکدا بۆ 40 کاژێر کەمکردەوە.
 
بۆ ئەوەی بڕیاری زیادکردنی پشووەکانی هەفتە و کەمکردنەوەی کاتی کارکردنی فەرمانبەران بە فەرمی ببێتە یاسا و جێبەجێ بکرێت، دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێرانەوە پەسند بکرێت.
 
لەسەر دیاریکردنی رۆژی دووەمی پشووی هەفتە، ناکۆکی لەنێوان پەرلەمانتارانی ئێران هەبوو. بەشێک لە پەرلەمانتاران داوایان دەکرد لەبەر هۆکارە کولتووری و ئایینییەکان، لە جیاتی رۆژی شەممە، رۆژی پێنجشەممە بکرێتە پشوو، بەڵام ئەو پێشنیازە تەنیا پشتگیریی 75 پەرلەمانتاری بەدەستهێنا و لەلایەن 132 پەرلەمانتارەوە رەتکرایەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە