پەرلەمانتارێکی ئێران هۆشداری دەدات: پارە بە وەبەرهێنەرانی دەرمان نەدرێت تاوەکو 50% گرانتر دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کێشە ئابوورییەکان پشتی دەرمانخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی چەماندووەتەوە؛ هۆکاری ئەمەش بەرنامەیەکی ساڵی رابردووی حکومەت بوو بەناوی دەرمانیارە.
 
پێش ئەو پرۆژەیە، حکومەت پارەی بە بەرهەمهێنەرەکان دەدا بۆئەوەی دەرمان بە نرخی هەرزان بە دەستی خەڵک بگات، بەڵام لەو پرۆژەیەدا پارەکە بە بیمەکان دەدرێت بۆئەوەی ئەوان پارەی دەرمان بە دەرمانخانەکان بدەن و دواجار دەرمان بە نرخی هەرزان بە دەستی خەڵک بگات.
 
عەلی فاتمی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەبەرهێنەرانی دەرمانی ئێران دەڵێت، "پرۆژەی دەرمانیار گوشاری ئابووریی زۆری لەسەر دەرمانخانەکان دروستکردووە و کێشەی پارەی بۆ بەرهەمهێنانی دەرمانیش چارەسەر نەکردووە، بڕیار بوو بانکەکان سەرمایەی وەبەرهێنەرانی دەرمان دابین بکەن، بەڵام دابینیان نەکردووە."
 
بە گوتەی عەلی فاتمی، ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک دەرمان هاوردە بکرێن کە 50 - 60 ساڵ بوو ئێران خۆی بەرهەمی دەهێنان.
 
سەرچاوەی کێشەی ئێستا بۆ حکومەت و رێکخراوەکانی بیمە دەگەڕێتەوە. لە دەستپێکی پرۆژەی دەرمانیاردا حکومەت پێدانی بیمەی 95%ی دەرمانەکانی لە ئەستۆ گرت. حکومەت بە درەنگەوە پارەی کۆمپانیاکانی بیمە دەدات. بەم پێیە کۆمپانیاکانی بیمەش لە کاتی خۆیدا پارەی دەرمان بە دەرمانخانەکان نادەن. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرەتا دەرمانخانەکانی کەرتی تایبەت زیانیان بەرکەوێت و دواتریش کۆمپانیاکانی دابەشکردنی دەرمان و بە دوای ئەوانیشدا وەبەرهێنەرانی دەرمان.
 
حوسێنعەلی شەهریاری، پەرلەمانتاری ئێران دەڵێت، "پەرلەمان پێداگریی کردووە ئەگەر حکومەت دەیەوێت دەرمان هەرزان بە دەستی خەڵک بگات، دەبێت مانگانە نزیکەی 160 ملیۆن دۆلار بە کۆمپانیاکانی بیمە بدات، بەڵام بە کردەوە ئەمە روونادات."
 
بەهرام دارایی، سەرۆکی رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، "بەرپرسان پێیان وایە، دەبێت خزمەتگوزاریی باشتر، دەرمان و تەندروستیی باشتر بۆ خەڵک دابین بکەین. خەڵک بتوانن دەرمانەکانیان باشتر دەستبخەن، بە ئاسانی دەستیان بە دەرمان رابگات، بتوانین کەموکوڕییەکان نەهێڵین و خەرجییەکانی دەرمان کەم بکەینەوە."
 
بەڵام بەرپرسان لە گەیشتن بەم ئامانجە سەرکەوتوو نەبوون. حوسێنعەلی شەهریاری دەڵێت، ئەگەر بێتو پارە بە وەبەرهێنەرانی دەرمان نەدرێت و دۆخ هەر وەکو ئێستا بێت، دەرمان 40% تاوەکو 50%ی گرانتر دەبێت.
 
پەرلەمانتارانی دژبەری پرۆژەی دەرمانیار ساڵی پار لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم پرۆژەیە هۆشدارییان دابوو. زەهرا شێخی، پەرلەمانتار دەڵێت، "ئەم پرۆژەیە ژێرخانەکانی ئامادە نەبوو، پەلەیان تێدا کرد، بۆ نموونە قەرزی بیمەکان بە دەرمانخانەکان و بە زانکۆکانی زانستی پزیشکی و ناوەندە حکومییەکان 8 تاوەکو 10 مانگە نەدراوە و دەبێت سەرچاوەی پارەی پرۆژەکەش دیار بێت، بەڵام نادیارە."
 
حکومەت دەیەوێت بەم پرۆژەیە رێگری بکات لە قاچاخی دەرمان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی بپارێزێت، خەڵکیش گوشاریان بۆ نەیەت، بەڵام وادیارە تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.