تەرمی دوو کۆڵبەر دوای 10 رۆژ گەڕان لە بەنداوی کێڵەی بانە دۆزرانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 10 رۆژ گەڕانی تیمە خۆبەخشەکان لە بەنداوی کێڵەی بانە لەسەر سنووری بانە، بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی دوو کۆڵبەر دۆزرانەوە و لە بەنداوەکە دەرهێندرانەوە.
 
ئەفشین فەلاحی و مێهدی رەحمەتی، دوو گەنجی تەمەن 22 و 23 ساڵی خەڵکی سەقزن، کە بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیانیان ناچار بە کۆڵبەری بوون.
 
لەم ماوەدا، جگە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەی سەقز، لە شارەکانی سەقز، بانە، بۆکان، مەریوان و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوام بوون لە گەڕان، بەڵام بەهۆی بارانبارینەکانەوە، دەرهێنانەوەی تەرمەکان کاتی زیاتری خایاند.
 
تەرمەکان دوای دەرهێنانەوەیان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی بانە، تاوەکو دوای بەڕێوەچوونی کاروباری پێویست بگەڕێندرێنەوە بۆ سەقز.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە کەناڵە خۆجێییەکانی دوو شاری بانە و سەقز داوا لە خەڵک کراوە، لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم دوو گەنجەدا بەشداری بکەن.