رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەمریکا، سێ کەسایەتی و چوار کۆمپانیای لە ئێران، ئیمارات و تورکیا سزا دا، کە بە گوتەی خۆی هاوکاریی بانکی ناوەندیی ئێرانیان کردووە بۆ دەستگەیشتن و کڕینی تەکنەلۆژیای سیستمی دارایی لە کۆمپانیاکانی ئەمریکا.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا، رایگەیاندووە ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانە، وەکو تۆڕێک کاریان کردووە و ئامێری تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی بواری دارایی و بانکییان کڕیوە، دواتر داویانەتە بانکی ناوەندیی ئێران تاوەکو سوودی لێوەرگرێت، کە ئەو کارانەش، دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەندێک لەو ئامێرانەی دەست بانکی ناوەندی ئێران کەوتوون، بە "ئامێری زانیاریی ئەمنی" ناوبردووە. وەزارەتەکە دەڵێت "ئەمە دەچێتە چوارچێوەی ئاسایشی نیشتمانی و کردەوەی دژە تیرۆرەوە."
یەکێک لەو کۆمپانیایانەی سزادراوە، وەکو لقێکی بانکی ناوەندیی ئێران کاریکردووە و تایبەت بووە بە دروستکردنی پلاتفۆرمێکی دراوی دیجیتاڵی بۆ بانکەکە. هەروەها کۆمپانیایەکی ئیماراتی سزادراوە، کە ئامێری تەکنەلۆژیی ئەمریکی بۆ بانکی ناوەندیی ئێران کڕیوە. هاوکات، سەید ئەبوتاڵیب نەجەفی، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەیە، یەکێکە لە سزادراوەکان.
کۆمپانیایەکی تورکیش کە هاوبەشی بانکی ناوەندیی ئێران بووە، یەکێکە لە سزادراوەکان و ئەو کۆمپانیا تورکییەش بەهەمان شێوە، کەلوپەلی لە ئەمریکا کڕیوە، دواتر گەیاندوویەتییە ئێران.
برایان نیڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی، لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت "بانکی ناوەندیی ئێران، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی هەیە لە دابینکردنی هاوکاریی دارایی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی وەکو حیزبوڵڵا. کە ئەوانە ئاکتەری دیارن لە دروستکردنی ناسەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە سوودوەرگرتن لە هەموو ئامرازێکی لەبەردەستدایە بۆ تێکدانی هەوڵە نایاساییەکانی رژێمی ئێرانی بۆ دەستگەیشتن بە تەکنەلۆژیا و کەلوپەلی گرنگی ئەمریکی."
بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزا نوێیەکان، بریتین لە دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم موڵک و سامان و هەژماری بانکی نێو ئەمریکای کەس و کۆمپانیا سزادراوەکان. بەگوێرەی بڕیارەکەش، هیچ هاووڵاتی و کۆمپانیایەکی ئەمریکی بۆی نییە مامەڵە لەگەڵ ئەو سزادراوانەدا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ