600 هەزار تۆن سێو لە ساردخانەکانی پارێزگای ورمێدا ماوەتەوە

15-02-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
خاوەنی سێوەکان: ئەگەر نەتوانین بیانفرۆشین هەموویان دەڕزێن و تێکدەچن
خاوەنی سێوەکان: ئەگەر نەتوانین بیانفرۆشین هەموویان دەڕزێن و تێکدەچن
نیشانەکردن ورمێ سێو رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بازرگان و هەناردەکارانی سێو لە پارێزگای ورمێ لەبارەی رزین و خراپبوونی سێوی نێو ساردخانەکانی ئەو پارێزگایەوە هۆشداری دەدەن و دەڵێن، ئەگەر حکومەت تا مانگێکی دیکە رێگەیەک بۆ هەناردەکردنی نەدۆزێتەوە، بەشێکی تێکدەچێ و ئەوی دیکەش دەبێ هەرزان فرۆش بکەن. 
 
زیاتر لە 600 هەزار تۆن سێو لە ساردخانەکانی پارێزگای ورمێدا هەڵگیراوە و کڕیاری نییە. خاوەن باخ، بازرگان و هەناردەکاران لە پاییزەوە بە سەتان هەزار تۆن سێویان خستووەتە ساردخانەکان تاوەکو لە زستاندا بە گرانتر بیفرۆشن. ئەوان چاویان لە هەناردەکردن بوو کە جارێ سەری نەگرتووە.
 
ساڵی رابردوو لە هەموو ئێران 730 هەزار تۆن سێو هەناردەی دەرەوە کراوە کە 540 هەزار تۆنی سێوی پارێزگای ورمێ بووە، بەڵام ئەمساڵ رێژەیەکی زۆر کەم هەناردە کراوە. 
 
هەناردەکاران دەڵێن، کێشەی سەرەکییان ئەوەیە کە ناتوانن بە ناوی سێوی ئێرانەوە رەوانەی زۆر وڵاتی بکەن و راستەوخۆیش پارەکەیان بۆ ناگەڕێتەوە و ئەوەندەیش کە هەناردە کراوە بە ناوی وڵاتانی دیکەوە بووە.
 
ئەمساڵ لە پارێزگای ورمێ ملیۆنێک و 100 هەزار تۆن سێو بەرهەم هاتووە. ئەو پارێزگایە لە ئاستی ئێراندا لە بەرهەمهێنانی سێودا یەکەمە. تاوەکو ئێستا بە هەناردەکردن و بازاڕی ناوخۆ نزیکەی 40٪ـی بەرهەمی ئەمساڵی فرۆشراوە. ئەوەی دیکەیش کە ماوە مەترسیی رزین و لەنێوچوونی لەسەرە.
 
بەپێی جۆری سێوەکان، نرخی کیلۆیەک سێو لە کاتی لێکردنەوەدا لەنێوان شەش بۆ هەشت هەزار تمەندا بوو. ئێستایش بە دەوروبەری 10 هەزار تمەنە. خاوەن باخ و بازرگانان دەڵێن، لەو نرخە زیاتریان لە بەرهەمهێنان و هەڵگرتنیدا خەرج کردووە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە