ئێران کەشتییەکی سیخوڕی دروست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران دەڵێت، کەشتییەکی هەواڵگریی تایبەتیان بە هێزی دەیایی و بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئەلیکترۆنی دروستکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2025، شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران رایگەیاند، ''لە چوارچێوەی فراوانکردنی مەشقەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کەشتییەکی چاودێری و سیخوڕیی ئەلیکترۆنییان دروست کردووە.''
شەهرام ئێرانی گوتی، ''کەشتییەکەیان ناوناوە (زاگرۆس)، کە تایبەتە بە چاودێریی دەریایی و بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان".
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 13ـی ئەم مانگە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران رایگەیاند، 1000 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی نوێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە رادەستی سوپای ئەو وڵاتە کراوە.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی رایگەیاند، "پێدانی 1000 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، نەک تەنیا توانای سیخوڕی و چاودێریکردنی سنوورەکان زیاددەکات، بەڵکو توانای شەڕکردنی کەشتییە جەنگییەکانیش زیاددەکات، بەوەی ئامانجە دوورەکان دەپێکێت."
ئەوە لە کاتێکدایە، ئێران رۆژانی شەممە و یەکشەممەی رابردوو، کۆمەڵێک مانۆڕی سەربازیی لە شوێنە جیاجیاکانی وڵاتەکەی ئەنجامدا و رایگەیاند، خۆیان بۆ هەموو رووبەڕووبوونەوەیەک ئامادە دەکەن.
گوتەبێژی حکومەتی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، ''پرۆژەیاسایەکیان ئامادە کردووە بۆ زیادکردنی 200%ی بودجەی سەربازیی وڵاتەکەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان".