پزیشکیان: هەوڵی کوشتنی ترەمپمان نەداوە و نایدەین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە وڵاتەکەی بە پلاندانان بۆ کوشتنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا تۆمەتبار دەکەن. دەشڵێت، ئەو کارەیان نەکردووە و نایکەن، دەیانەوێت رێگەی دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بگرنەبەر.
 
درەنگانی شەوی سێشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025 کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بڵاوکردەوە.
 
لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی وڵاتەکەی کراون بەوەی پلانی بۆ کوشتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا داناوە، سەرۆککۆماری ئێران گوتی، "ئەمە یەکێکی دیکەیە لەو پلانانەی ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە دروستی دەکەن، بۆئەوەی ئێرانۆفۆبیا بڵاوبکەنەوە." دەشڵێت، "ئێران هەرگیز هەوڵی نەداوە و پلانیش بۆ کوشتنی کەس دانانێت."
 
پێشکێشکارەکە لە سەرۆککۆماری ئێران دەپرسێت، "تۆ دەڵێیت هیچ پلانێکی ئێران نەبووە بۆ کوشتنی دۆناڵد ترەمپ؟" لە وەڵامدا پزیشکیان دەڵێت، "نەخێر پلانی لەو جۆرە نەبووە." پزیشکیان بەڵێنی ئەوەشی دا، "هەرگیز هەوڵی لەو جۆرەمان نەداوە و ناشیدەین."
 
ئەم چاوپێکەوتنە رۆژنامەڤانییەی سەرۆککۆماری ئێران بە یەکەم چاوپێکەوتنی پزیشکیان دادەنرێت لەگەڵ میدیایەکی بیانی لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
 
تشرینی دووەمی رابردوو، وەزارەتی دادی ئەمریکا پیاوێکی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی لەلایەن ئێرانەوە راسپێردرابێت بۆ کوشتنی ترەمپ. ئەو کات بەرپرسانی ئەمریکا پلانەکەیان بە هەوڵی ئێران بۆ تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی دانا، کە رۆژی 3ی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لە شاری بەغدا لە هێرشێکدا کوژرا. فەرمانی کوشتنی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە درابوو کە ئەوکات سەرۆکی ئەمریکا بوو.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، تشرینی یەکەمی رابردوو ئێران لە رێگەی ژمارەیەک دیپلۆماتکاری سویسرییەوە پەیامێکیان بۆ بەرپرسانی ئەمریکا ناردبوو کە هەوڵی کوشتنی ترەمپ نادەن.
 
رابردوویەکی تاڵ، ویستی داهاتوویەکی شیرین بەڵام بە گومانەوە
 
20ی کانوونی دووەمی 2017 بۆ 20ی کانوونی دووەمی 2021 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بوو، ئەو کات گرژییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران گەیشتنە لووتکە. ئەمە دوای ئەوەی ساڵی 2018، ترەمپ لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە و ژمارەیەک سزای دیکەشی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند. هەرچەند ئیدارەی بایدن هەوڵی کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی دا، بەڵام هیچی لێ شین نەبوو.
 
لە ساڵی 2015 دا ئێران و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان رێککەوتنێکیان لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە واژۆ کرد. وڵاتە بەشدارەکان بریتی بوون لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەگەڵ ئەڵمانیا کە بە وڵاتانی 5+1 ناسراون. یەكێتیی ئەورووپاش بەشداریی لە رێککەوتنەکەدا کرد. رێککەوتنەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2016 چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
پزیشکیان سەبارەت بە خولی دووەمی ترەمپ لە سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە بڕیارە رۆژی 20ی ئەم مانگە ببێتە فەرمی، ئاماژە بەوە دەکات، ئێران ئامادەی گفتوگۆی "کراوەیە" لەگەڵ ئیدارەکەدا، بەڵام ئەمریکا ژمارەیەک بەڵێن و رێککەوتننامەی لە رابردوودا وەلاناوە بۆئەوەی زیان بە حکومەتی ئێران بگەیێنێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "کێشەی ئێمە دیالۆگ نییە، بەڵکو ئەو پابەندبوونانەیە بە گفتوگۆ و رێککەوتنەکان کە پێویستە پابەندبین پێیانەوە."
 
سەبارەت بە پابەندبوونەکانی وڵاتەکەی بە رێککەوتننامەی ئەتۆمییەوە، پزیشکیان جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئێمە هەموو ئەو پابەندییانەمان جێبەجێ کردن کە پێویست بوون." ئەوەش دەڵێت، "بەداخەوە لایەنی بەرامبەر پابەندی بەڵێنەکان و لێپرسراوێتییەکانی نەبوو."
 
گوتیشی، "ئەو گومانەمان هەیە کە ئێمە چەندە گفتوگۆ و رێککەوتنمان بوێت، ئەوان (ئەمریکا) هەر دەیانەوێت حکومەت (حکومەتی ئێران) بڕووخێنن نەوەک کێشەکان چارەسەر بکەن."
 
پزیشکیان: جەنگمان ناوێت، بەڵام هێرش بکەن، ئامادەین بۆ بەرگریی لە ناوەندە ئەتۆمییەکانمان
 
دوای کشانەوەی ترەمپ لە رێککەوتننامەکەی لەگەڵ ئێران، تاران دەستی بە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم کرد.
 
بە گوێرەی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کە 26ی تشرینی یەکەمی پار بڵاوکرایەوە، ئێران شەش هەزار و 604 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە کە 852 کیلۆی لە ئابی هەمان ساڵ زیاترە. 182.3 کیلۆگرامی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە رێژەی پیتاندنەکەی گەیێندراوەتە 60٪ کە 17.6 کیلۆگرامی لە دوو مانگدا زیادکردبوو. 
 
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەڵێت، ئەگەر 42 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوت بە رێژەی 60٪ هەبێت، ئەوا دەکرێت رێژەکەی لە چەند هەفتەیەکدا بگەیێنیتە 90٪ و بۆمبێکی ئەتۆمی پێدروستبکەیت. 
 
سەبارەت بەوەی کە ئەگەر بەهۆی زیادبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە ترەمپ بگەڕێتەوە و لەگەڵ ئیسرائیل لە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران بدەن، ئایا هەڵوێستی تاران چی دەبێت، پزیشکیان دەڵێت، "وەڵاممان بۆ هەموو کارێک دەبێت. لە جەنگ ناترسین، بەڵام بەدوایەوە نین." ئاماژە بەوەش دەکات، "تەنیا هیوا دەخوازم کە ئەمە روونەدات چونکە زیان بە هەموو لایەنەکان دەگەینێت، نەوەک تەنیا ئێمە."
 
پزیشکیان: بەراورد بە پار، بەهێزتر بووین
 
تەممووزی رابردوو، پزیشکیان بە سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا. لەو کاتەوە، سوپای ئیسرائیل زیانێکی زۆری بە حیزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە غەززە گەیاندووە و رژێمی سووریاش رووخێندرا کە هەموویان بە هاوپەیمانی نزیک لە تاران دادەندران.
 
ئەمە بە کەمبوونەوەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە و لاوازبوونی لێکدەدرێتەوە، بەڵام پزیشکیان رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەو دوو بابەتە نییە". ئاماژە بەوەش دەکات، "بەراورد بە پار لەنێو خۆی وڵاتدا، یەکگرتوور و بەهێزتر بووین و ئاسایشێکی باشترمان هەیە."
 
سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئاگربەستی جەنگی غەززە کە ئێستا نزیکە رابگەیێندرێت، پزیشکیان گوتی، "هەر کارێک بتوانین دەیکەین بۆ ئەوەی ئاشتی بگەڕێتەوە ناوچەکە."
 
7ی تشرینی یەکەمی 2023 جەنگی غەززە و ئیسرائیل دەستیپێکرد و زیاتر لە 15 مانگە بەردەوامە. رۆژێک دوای دەستپێکی جەنگەکە، حیزبوڵـڵای لوبنان دەستی بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل کرد، ئەویش وەڵامی دایەوە و ژمارەیەک سەرکردەی لێکوشت کە دیارترینیان حەسەن نەسروڵـڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵـڵا بوو. رۆژی 27ی تشرینی دووەمی رابردوو حیزبوڵـڵا و ئیسرائیل ئاگربەستێکیان واژۆ کرد.