پەرلەمانتارێکی کرماشان دەکرێتە جێگری سەرۆککۆماری ئێران


رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی کرماشان کە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکشێ سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، دەکرێتە جێگری سەرۆککۆماری ئێران.
 
ئیبراهیم عەزیزی، نوێنەری کرماشان لە پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد و لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەیدا دەڵێت، بەهۆی ئەوەی سەرۆککۆماری ئێران پێی باشە لە حکومەتدا خزمەت بکات، دەست لە پەرلەمانتاری دەکێشێتەوە.
 
ئاژانسی ئیرنا، زمانحاڵی حکومەتی ئێران دەڵێت، ئیبراهیم عەزیزی لە جێگەی محەممەد حوسێنی دەکرێتە جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری پەرلەمان.
 
ئیبراهیم عەزیزی، خەڵکی کرماشانە و پێش ئەم خولەش، جارێکی دیکە پەرلەمانتاری کرماشان و هەروەها ئەندامی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران بووە.