پزیشکیان لە دیداری لەگەڵ گرۆسی: ئێران بەدوای ئاشتی و ئاسایشدا دەگەڕێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کۆبووەوە؛ پزیشکیان پێی گوتووە، "ئێران بەدوای ئاشتی و ئاسایشدا دەگەڕێت لە جیهاندا".
ئەمڕۆ پینجشەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2024، میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە سەردانەکەی بۆ تاران لەگەڵ مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبوونەوە.
مەسعود پزیشکیان، رایگەیاند، "هەر وەک هەمیشە باسمان کردووە، بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بەپێی فەتوای رێبەری ئێران قەدەخەیە، ئێمەش لەسەر بنەمای ئەوە ئامادەیی خۆمان بۆ هاوکاری و لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم رادەگەیێنین، بە مەبەستی لادانی ئەو ناڕوونی و گومانانەی کە گوایە لە چالاکییە ئەتۆمییە ئاشتیخوازییەکانی وڵاتەکەماندا هەن".
پزیشکیان راشیگەیاندووە، "ئەمڕۆ جیهان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە ئێران بەدوای ئاشتی و ئاسایشدا دەگەڕێت لە جیهاندا و ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەکنۆلۆژیای ئەتۆمیدا بەدوایدا دەگەڕێت، بەتەواوی لەگەڵ چوارچێوە یاسایی و مۆڵەتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدایە".
رافایێل گرۆسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئاژانسەکە بۆ هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران رایگەیاند، "من سەرۆک و سیاسەتمەدار نیم و نابێ هیچ لێدوانێک بدەم و ئەرکی من دۆزینەوەی چارەسەرە، لەم بابەتەشدا گرژی هەیە و بەرنامەی ئێرانیش لە ناوەندی ئەو گرژیانەدایە".
گرۆسی رایگەیاند، "بە روونی باسم لەوە کردووە، نابێ دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکەونە بەر هێرشی سەربازییەوە، زۆر یاسای نێودەوڵەتی لەو بوارەدا هەن و پێویست ناکات ئەو کارانە دووبارە بکرێنەوە".
گرۆسی گوتی، "ئاژانسی وزەی ئەتۆم و ئێران ماوەیەکی زۆرە هەماهەنگییان کردووە، ئێستاش کاتێکی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئەنجامێکی باش و ئەو پەیامە بۆ جیهان بنێرین کە رێگایەکی دیکە هەڵدەبژێرین جگە لە رووبەڕووبوونەوە".
دوای هەڵبژاردنی مەسعود پزیشکیان، وەک سەرۆککۆماری ئێران ئەوە یەکەم جارە رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، سەردانی ئێران دەکات.
رافایێل گرۆسی، شەوی رابردوو گەیشتە تاران و لە لایەن بێهروز کەمالوەند، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران پێشوازی لێکرا.
سەردانەکەی گرۆسی بۆ تاران لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردراوەتەوە.
ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی 2015 رێککەوتنی ئەتۆمییان واژۆکرد بۆ ئەوەی ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات، لە بەرامبەر ئەوەی سزا ئابوورییەکانی سەری لاببرێن. بەڵام ساڵی 2018 ئەمریکا لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکات لێی کشایەوە و دووبارە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندنەوە.