بەرپرسێکی سوپای پاسداران: بە شێوەیەک وەڵامی ئیسرائیل دەدەینەوە پەشیمان ببێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند "بەدڵنیاییەوە" وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل دەدەنەوە، وەڵامەکەش بە جۆرێک دەبێت ئیسرائیل "پەشیمان" بکەنەوە.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە ، 14ـی تشرینی دووەمی 2024) عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند "کۆماری ئیسلامی لەماوەی 45 ساڵی تەمەنیدا هەر خراپەیەکی بەرامبەر کرابێ، بێ وەڵام نەماوەتەوە و بەدڵنیاییەوە وەڵامی کردەوەکانی رژێمی زایۆنی دەدەینەوە، بە شێوەیەک کە پەشیمان ببێتەوە."
جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەدا لە پشتیوانییەکانیان بۆ حیزبوڵڵا بەردەوام دەبن، گوتیشی "بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە حیزبوڵڵا و بەرەی مقاوەمە دەکەین، ئێمە زیاتر لە 40 ساڵە هەموو کاتێک لەگەڵ حیزبوڵڵا دا بووین، هەموو کات هاوکاریمان کردووە و بەدڵنیاییەوە لەمەودوا زۆر خێراتر و زۆر بەهێزتر لە پێشوو، ئەم کارە دەکەین و پشتگیرییان دەکەین."
سەبارەت بە هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، بە سەرۆکی ئەمریکا فەدەوی رایگەیاند: "بەرەی خراپەکاری هیچ جیاوازییان لەگەڵ یەک دا نییە؛ ئێمە جیاوازی لە نێوان کەسدا ناکەین."
حکومەتی ئێران لە دوایین هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئیسرائیل کە بە "بەڵێنی سادق2" ناساندی، نزیکەی 180 مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد کە بەپێی تەلئەڤیڤ 'هەندێک زیانی بە دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی ئیسرائیل گەیاند' کرێکارێکی فەلەستینیش لە کەرتی رۆژئاوا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەی مووشەکێکی ئێرانی، گیانی لەدەستدا.
سوپای ئیسرائیل، لە وەڵامی ئەو هێرشە لە 26ـی مانگی رابردوو بە زیاتر لە 100 فڕۆکەی سەربازی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشی کردە سەر چەندین دامەزراوەی سەربازی ئێران، شارەزایانی سەربازی بە لێکدانەوەی وێنەی مانگە دەستکردەکان رایانگەیاند، زیانی زۆر بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی و ناوەندە سەربازییەکانی ئێران گەیشتووە.
ئیسرائیل هەڕەشە دەکات، کە ئەگەر ئێران هێرش بکاتەوە سەر ئیسرائیل، وەڵامی تووندتری بۆ حکومەتی ئێران بەپێی ئەو ئامانجانە دەبێت، کە پێشتر دیاری کردبوون.