رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێ بوومەلەرزە لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، خوراسانی رەزەوی و یەزد لە ئێران روویاندا و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، 11 کەس بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەکەی سیستان و بەلووچستان کاژێر 04:58 خولەکی بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2024 روویداوە و گوڕەکە 4.2 پلەی رێختەر بووە.
ناوەندەکە رایگەیاندووە، چەقی بوومەلەرزەکە لە شارۆچکەی نوسرەت ئاوای سەر بە شاری زاهیدان بووە و لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
مەجید موحیبی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان رایگەیاندووە، چەندین تیمی فریاکەوتنیان ناردووە شوێنی بوومەلەرزەکە و بە پێی زانیارییەکان، بوومەلەرزەکە زیانی نەبووە.
هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.3 پلەی رێختەر دوو شاری کاشمەر و توربەت حەیدەرییە لە پارێزگای خوراسانی رەزەویی هەژاند.
ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران رایگەیاند، بوومەلەرزەکە کاژێر 05:25 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە روویداوە، چەقی بوومەلەرزەکە لە دووری 14 کیلومەتر لە شاری کاشمەر بووە و لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
قایمقامی کاشمەر رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 11 کەس بریندار بوون، دواتر لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان گوێزرانەوە.
حوجەتوڵڵا شەریعەتمەداری، قایمقامی کاشمەر گوتی، شەش لە بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ماڵەوە کران و پێنج برینداری دیکە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
بە گوتەی قایمقامی شارەکە، ئەو کەسانەی بریندار بوون، لە کاتی راکردن بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و کەوتوون.
بەیانیی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەکی دیکەش لە شاری بهابادی سەر بە پارێزگای یەزد لە نێوەڕاستی ئێران روویدا.
بەپێی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەکە کاژێر 08:19 خولەکی ئەمڕۆ لە دەورووبەری شاری بهاباد بووە، گوڕی بوومەلەرزە 4.1 پلەی رێختەر بووە و لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی قەیرانی یەزد رایگەیاندووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بوومەلەرزەکە زیانی نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ