ئەنجوومەنی شاری کرماشان سێ مانگە کۆنەبووەتەوە و بەسەر کەمینە و زۆرینەدا دابەشبووە


رووداو دیجیتاڵ

ناکۆکییەکانی ئەنجوومەنی شاری کرماشان دیسان قووڵبوونەتەوە. سێ مانگە ئەنجوومەنەکە نەیتوانیوە کۆببێتەوە و بەسەر دوو لایەنی کەمینە و زۆرینەدا دابەش بووە، کەمینە بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا ناکات بۆئەوەی رەوایەتی بە کۆبوونەوەکە نەدرێت و بەمجۆرە کاروباری ئەنجوومەن پەکیکەوتووە.
 
قایمقامی کرماشان کاردانەوەی بەم دۆخە نیشان داوە. محەممەدڕەزا ئاموویی گوتی، رەوشی ئێستای ئەنجوومەنی شاری کرماشان بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و هەڕەشە دەکات کە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر، لەوانە مافی ئەندامێتی لە ئەندامانی ئەنجوومەن وەردەگیرێتەوە یان بەگشتی ئەنجوومەن هەڵدەوەشێنرێتەوە.
 
ناکۆکیی ئەوان لەسەر دوو شتە، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن و سەرۆکی شارەوانی. سێ مانگ لەمەوبەر کەمینەیەک هەبوو کە لایەنگری مانەوەی نادەر نەورۆزی، سەرۆکی شارەوانیی کرماشان بوون، لە کۆبوونەوەکاندا بەشداریی نەدەکرد بۆ ئەوەی ئەنجوومەن نەتوانێت سەرۆکی شارەوانی لەسەرکار لابدات.
 
بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شار، سەر بە گرووپی زۆرینە، مافی ئەندامێتی لێوەرگیرایەوە و بارودۆخ بە قازانجی کەمینە گۆڕا. ئێستا کەمینە دەچنە کۆبوونەوە و هەوڵ دەدەن ئەندامێکی یەدەگی ئەنجوومەن، کە لایەنگری ئەوانە، وەک ئەندامی سەرەکی هەڵبژێردرن، زۆرینە بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات لە کۆبوونەوەکاندا بەشداریی ناکەن.
 
ناکۆکی لە ئەنجوومەنی شاری کرماشان لەکاتێکدایە، ئەو گەورە شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەگوتەی قایمقام، کێشە و گرفتی زۆری هەیە، لەوانە کۆکردنەوەی زبڵ، خاوێنکردنەوەی شار، جوانکاریی شار، قیرتاوکردن، رووناکیی نێوشار، سەگی بێ لانە، رێکخستنی رووبارەکان، کێشەی ئاو و چەند کێشەیەکی دیکە.
 
ئەم خولەی ئەنجوومەن هەر لە رۆژی دوای دەنگهێنانەوەیانەوە، پێکەوە ناکۆکییان هەبوو و 5 مانگ لە ماوەی کاتی یاساییان تەواو بوو، ئەوجار توانییان سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێرن، ئەو کاتیش کەمینە لە کۆبوونەوکاندا بەشدارییان نەدەکرد.
 
تاوەکو ئێستا 6 خولی ئەنجوومەنی شارەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەڕێوەچووە، کە لە کرماشان 2 خولیان لەبەر کێشە و ناکۆکیی خۆیانەوە، هەڵوەشێنراوەتەوە و ماوەی یاساییەکەیان تەواو نەکردووە. ئەم خولەی ئەنجوومەنی شاری کرماشانیش خەریکە بەو رێگەیەدا دەچێت کە ئەنجوومەنەکانی پێش خۆی، پێیدا رۆیشتن.