دوو سیخوڕی ئیسرائیل بەرپرسێکی قاعیدە لە ئێران دەکوژن

14-11-2020
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن رێکخراوی ئەلقاعیدە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو سیخوڕی ئیسرائیلی بەرپرسێکی قاعیدە لە ئێران دەکوژن کە دووەم کەسایەتیی نێو رێکخراوەکە بووە و ئەمریکا بە بەرپرسی تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەکانی لە تەنزانیا و کینیا لە ساڵی 1998، تۆمەتباری کردبوو. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رەتی دەکاتەوە.
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت، ئەو کەسەی کوژراوە ناوی، عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵا یە کە بە  ناوی ئەبو محەممەد میسری ناسرابوو.
 
ئەو بەرپرسەی قاعیدە کە لە لیستی داواکراوانی ئێف بی ئای ئەمریکی بوو، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا لە تاران لەلایەن دوو سیخوڕی ئێرانی سەر بە مۆسادی ئیسرائیلی و لەسەر داوای ئەمریکا کوژراوە. هێرشبەرەکان لەسەر ماتۆڕسکیل لە یەکێک لە شەقامەکانی تاراندا تەقەیان لە میسری کردووە و دەستبەجێ کوشتوویانە.
 
ئەبو محەممەد میسری بە پلانداڕێژەری سەرەکیی تەقاندنەوەی هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە نایرۆبی، پایتەختی کینیا و دارسەلام، پایتەختی تەنزانیا لە ساڵی 1998 دادەنرێت.
 
کوشتنی محەممەد میسری لە 7ـی مانگی ئابدا هاوکات بووە لەگەڵ ساڵیادی تەقینەوەکان، بەڵام لەلایەن ئەمریکا، قاعیدە و ئیسرائیلەوە هیچ لەبارەیەوە رانەگەیێندراوە. 

 

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و رایگەیاندووە: واشنتن و تەلئەڤیڤ هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتییان لەبەرامبەر چالاکییەکانی رێکخراوی قاعیدە و گرووپە تیرۆریستەکان بشارنەوە، "هیچ کەس و گرووپێکی تیرۆریستی لەسەر خاکی ئێراندا نییە".
 
ئەبو محەممەد میسری بە کەسایەتی دووەم و جێگرەوەی ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی ئێستای رێکخراوی قاعیدە دادەنرا و بەگوتەی بەرپرسە هەواڵگرییەکان، ئەمریکا بەر لە کوشتنی میسری بۆ چەندین ساڵ زانیاری لەسەر ئەو لە تاران کۆکردووەتەوە.
 
بەرپرسەکەی قاعیدە لەگەڵ کچەکەیدا بەناوی مەریەم کوژراوە کە هاوژینی حەمزە بن لادنی کوڕی ئوسامە بن لادن بوو و لە سێپتێمبەری ساڵی 2019 لەلایەن ئەمریکاوە کوژرا. 
 
دەسەڵاتی فیدراڵیی ئەمریکا 10 ملیۆن دۆلاریان وەک پاداشت لەسەر سەری ئەبو محەممەد میسری دانابوو، تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکاش لە کینیا و تەنزانیا لە ساڵی 1998 بووە هۆی کوژرانی 224 کەس و برینداربوونی پێنج هەزار کەس. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە