وەزیری دەرەوی ئێران: گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا راگرتوون

59 خولەک له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بە هۆی بارودۆخی ناوچەکە راگیراون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2024، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ شاری مەسقەتی پایتەختی عومان رایگەیاند، تاران پڕۆسەی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا بە نێوەندگیری عومان راگرتووە.
 
عێراقچی گوتی: "دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان بەهۆی هەلومەرجە تایبەتەکانی ناوچەکە راگیراون. تاران هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ دانوستاندن تاوەکو ئەو کاتەی قەیرانەکان کۆتاییان دێت".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران پەسنی هەوڵەکانی عومانی دا و گوتی: "عومان هەمیشە رۆڵێکی ئەرێنی هەبووە لە گواستنەوەی  پەیامەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە ئیدارەی پێشوودا ئەم پڕۆسەیە هەبووە کە بە رەوتی مەسقەت ناسراوە".
 
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان، عێراقچی گوتی: "دوای تێپەڕاندنی دۆخی تایبەتی ناوچەکە، تاران بڕیار دەدەات کە ئایا دەچێتە نێو پەیوەندییەکی نوێ یان نا و چۆنیش دەچێت".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ گەیشتە مەسقەت و لەگەڵ بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆبووەوە و پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکە و گرژییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
 
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پشتڕاستی کردەوە کە ئێران و ئەمریکا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە عومان گفتوگۆیان کردووە و باسیان لە چۆنیەتی دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و دانوستاندنە ئەتۆمییەکان کردووە.
 
پێشتر مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، تا ئێران بە رووی جیهاندا نەکرێتەوە دانوستاندنەکان دەستپێناکەنەوە، کێشە ناوخۆییەکان و  هەڵئاوسانی ئابووریی وڵاتەکەش چارەسەر نابێت.
 
چەند هەفتەیەکە گرژییەکانی ناوچەکە زیادیان کردووە. 27ـی ئەیلوول، ئیسرائیل بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد، کە بووە هۆی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە و عەباس نیلفرووشان، بەرپرسی دۆسیەی لوبنان لە سوپای پاسداران.
 
ئێرانیش لە 1ـی تشرینی یەکەم بە نزیکەی 180 مووشەک، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، کاردانەوەی "زۆر تووندتر" دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە