دانیشتووانی گوندێکی ئێران واز لە ئاژەڵداری دەهێنن بۆ پرۆژەیەک و مایەپووچ دەبن

14-10-2021
رووداو @Rudawkurdish
دانیشتوویەکی گوندەکە دەڵێت، بەهۆی ئەو زیانەی لە بۆرسەدا پێیان گەیشتووە، ژنەکەی لێی جیابووەتەوە
دانیشتوویەکی گوندەکە دەڵێت، بەهۆی ئەو زیانەی لە بۆرسەدا پێیان گەیشتووە، ژنەکەی لێی جیابووەتەوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گۆڕانکاری لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتیی بازاڕی بۆرسەی ئێراندا، دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پێشووی ئەو رێکخراوە، کە تۆمەتبارکراوە بە چەندین دۆسیەی گەندەڵی، هەنگاوێکی دیکەی کابینەی ئیبراهیم رەئیسییە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو بازاڕە.
 
ئیحسان خاندووزی، وەزیری ئابووریی ئێران رایگەیاند، "کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای بۆرسە لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوەکە بۆ دیاریکردنی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتیی رێکخراوی بۆرسە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و کەسانێکی پسپۆڕمان بۆ ئەو بابەتە هەڵبژارد، کە بۆ ماوەی چوار ساڵ کۆنترۆڵی بازاڕەکە بکەن و بەپێی ئەو پلانانەی داویانەتە وەزارەتەکەمان و ئەنجوومەنی باڵای بۆرسەش قبووڵی کردووە، قەیرانی بازاڕی بۆرسە چارەسەر بکەن و متمانەی خەڵک بگەڕێننەوە بۆ وەبەرهێنان لەو بازاڕەدا".
 
لە دوو مانگی رابردوودا، سەرەڕای دابەزینی رۆژانەی چەند هەزار پێوەری بۆرسە، دوو رووداوی دیکەش کاریگەرییان لەسەر هەرەسهێنانی متمانەی ئەو بازاڕە لای خەڵک هەبوو، یەکێکیان بەرهەمهێنانی بیتکۆین لەلایەن رێکخراوی بۆرسە و ئەوی دیکەش ئاشکرابوونی سکانداڵی بەڕێوەبەرانی رێکخراوەکە بوو، کە دەرکەوت 80%یان، ئەندامانی ئەو کۆمپانیایانە بوون، کە سەر بە بازاڕی بۆرسەن.
 
حوسێن خزر خەڕازی، پسپۆڕی بازاڕی بۆرسە دەڵێت، "هۆکاری سەرەکیی نەمانی متمانەی خەڵک، بانگەشەی حکومەتە بۆ وەبەرهێنان لە بازاڕێکدا کە هەموو سەرمایەکەی بەدەست کەسانێکەوەیە کە خۆیان سەر بە حکومەتن. ئەم کردەوانەی حکومەت و هەندێک لە کۆمپانیاکانی رێکخراوی بۆرسە، ئەنجامی گەندەڵییە. گەندەڵییەک کە هەموو زانیارییەکانی بازاڕی بۆرسە دەداتە دەست ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی سەر بە حکومەت و 50 ملیۆن خاوەن پشکی بازاڕەکە لێی بێبەشن".
 
گوندێک لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری کە لەو کاتەدا بە گوندی بۆرسەی ئێران ناویان دەبرد و لەلایەن میدیای فەرمیی ئێرانەوە بە ماڵستریت ناسێندرا تاوەکو ببێتە بانگەشە بۆ خەڵکانێکی دیکە کە وەبەرهێنان لە بازاڕی بۆرسەدا بکەن. هەموو دانیشتووانی گوندەکە، ئەوەی هەیانبوو فرۆشتبوویان و وازیان لە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ هێنابوو بۆ وەبەرهێنان لە بۆرسەدا، بەڵام هەموویان دوای ماوەیەکی کورت مایەپووچ بوون.
 
دانیشتوویەکی گوندی ماڵستریت دەڵێت، "سەرەتا لە 20 ملیۆن تمەنەوە دەستمان پێکرد، کردمانە 80 ملیۆن تمەن، دوایی بوو بە 120 ملیۆن تمەن. شەش مانگی پێنەچوو هاتینەوە سەر 20 ملیۆن تمەنەکەی خۆمان و ئێستا ئەوەشمان دەستناکەوێتەوە، هەمووی پشکە و کەس نایکڕێت".
 
دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکە ئاماژە بەوە دەکات، "باوەڕ دەکەی ژنەکەم لێم جیابووەوە لەسەر ئەو هەموو زیانەی لە بۆرسەدا پێمان گەیشت؟ یەکسەر قەرزداریش بووم، ناچاربووم بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانم، قەرزی بانکی وەربگرم، ئێستا نیمە قیستەکانیشی بدەمەوە".
 
بازاڕی بۆرسەی ئێران لە سەردەمی دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن، پشکەکانی یەک ملیۆن زیادیکرد و گەیشتە دوو ملیۆن و 200 هەزار پشک، ئەمەش ئومێدێکی بە ئابووریی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەخشی، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا بەشێکی زۆر لە بەشدارانی بۆرسەکە مایەپووچ بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە