ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 15 هەزار کەس تووشی شێرپەنجەی گەدە دەبن

14-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی هەناوبینیی گەدە و ریخۆڵەی ئێران دەڵێت، بەپێی ئاماری فەرمی، ساڵانە 15 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی شێرپەنجەی گەدە دەبن.
 
رۆژی پێنجشەممە 14ی ئەیلوولی 2023 کامەران باقری لەنکەرانی، سەرۆکی کۆمەڵەی هەناوبینیی گەدە و ریخۆڵەی ئێران رایگەیاند، رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە و مردن بەو شێرپەنجەیە لەو وڵاتە زۆر بەرز بووەتەوە، بە شێوەیەک کە تەمەنی تووشبوون بەم نەخۆشییە لە سەرانسەری وڵات لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ زۆر دابەزیوە.
 
کامەران باقری لەنکەرانی گوتی، بەپێی ئامارێکی فەرمی، ساڵانە 15 هەزار کەس لە ئێران تووشی شێرپەنجەی گەدە دەبن و رێژەی تووشبوون بەو نەخۆشییە بەردەوام لە زیادبووندایە. لەبەر ئەوەی نەخۆشییەکە لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا هیچ نیشانەیەکی نییە و ژانەکانی وەکو ژانی ئاسایین، بۆیەش دەستنیشانکردنی لەلایەن پزیشکەکانەوە زۆر زەحمەتە.
 
لەنکەرانی ئاماژەی بە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لەبارەی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە کرد و گوتی، ساڵانە 112 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی چەندین جۆری شێرپەنجە دەبن و بەپێی پێشبینییەکانیان، تاوەکو 15 ساڵی دیکە شێرپەنجە دەبێتە هۆکاری 80%ی مردنەکان لەو وڵاتەدا.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی هەناوبینیی گەدە و ریخۆڵەی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە باکووری ئەو وڵاتە لەبەر هەندێک هۆکاری وەکو بۆماوەیی، خۆراک و زۆربوونی بەکتریا زیانبەخشەکان، تووشبوون بە شێرپەنجە زیاترە و لە هەندێک ناوچەش لەبەر هۆکاری بوونی نیترات لە نێو ئاودا، شێرپەنجەی گەدە زیاترە.
 
کامەران باقری لەنکەرانی گوتیشی، لەسەر ئاستی جیهان شێرپەنجەی گەدە و جگەر 26%ی هەموو شێرپەنجەییەکان پێکدەهێنێت و 35%ی رێژەی مردنیش هەر بەهۆی ئەو نەخۆشیەیە.
 
بە گوتەی لەنکەرانی، لە ئێران شێرپەنجەی کۆڵۆن، جگەر و پەنکریاسیش روو لە زیادبوونە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە