ISIS: ئێران دەتوانێت لە یەک مانگدا بەشی بۆمبێکی ئەتۆمی یۆرانیۆم بپیتێنێت

14-09-2021
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن ئێران بۆمبی ئەتۆمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ناوەندێکی ئەمریکی تایبەت بە زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات ئێران بتوانێت لە ماوەی یەک مانگدا هێندە یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەبێت، کە بەشی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بکات.
 
ناوەندیی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمریکا (ISIS) لە راپۆرتێكیدا سەبارەت بە توانا ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرایکردووە، لە خراپترین سیناریۆدا، ئێران توانای هەیە لە ماوەی یەک مانگدا هێندە یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەبێت، کە بتوانێت بۆمبی ئەتۆمی دروستبکات.
 
ناوەندەکە، کە 28 ساڵە دامەزراوە، پێشبینی دەکات لە ئەگەری تێکچوونی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان و دەرچوونی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە چاودێری نێودەوڵەتی، ئەو وڵاتە توانای هەیە لە ماوەی یەک مانگدا یان کەمتر، هێندە یۆرانیۆمی پێویست بپیتێنێت کە بەشی دروستکردنی یەک بۆمبی ئەتۆمی بکات و لە ماوەی سێ مانگیشدا توانای بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پێویستی دەبێت بۆ دروستکردنی دووەم بۆمبی ئەتۆمی و لە پێنج مانگی دوای ئەوەش توانای دروستکردنی بۆمبی سێیەمی دەبێت.
 
ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران لەمکاتەدا بڕی 200 گرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە، کە بەگوتەی ناوەندەکە، بەسە بۆ دەستپێکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
 
ناوەندی (ISIS)، کە کورتکراوەکەی ناوەکەی وەک کورتکراوەی ناوی داعشە و بە "داعشە باشەکە" ناوبانگی دەرکردووە، ئاماژەی بەوەداوە کاتێک باس لە تواناکانی ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەکرێت لە ماوەی یەک مانگدا، ئەوە ناگەیێنێت کە ئێران بە کرداری لەو یەک مانگدا دەتوانێت ئەو کارە بکات، چونکە ئەو کارە بەگوتەی ناوەندەکە، جگە لە یۆرانیۆم هاوکات پێویستی بە ئامێری گواستنەوە و هاوژیشتن هەیە.
 
ناوەندەکە هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە ئامانج لە خستنەڕووی ئەو زانیارییە خستنەڕووی راستییەکەیە، کە بریتییە لەوەی کە ئێران لەسەر لێواری بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمییە و تاکە شت کە مابێتەوە، دەرکردنی بڕیاری سیاسییە لەو بارەیەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە