عەباس عێراقچی، بەربژێرە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئێران و رێگەیەکی سەختی لەبەردەمە

رووداو دیجیتاڵ 

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیران لیستی وەزیرانی پێشنیازکراوی ناردەوە بۆ پەرلەمان. لە لیستەکەدا عەباس عیراقچی، دیپلۆماتی بەئەزموون و یەکێک لە ئەندازیارانی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە پیشنیاز کراوە.
 
عەباس موقتەدایی، پەرلەمانتار و لایەنگری وەزیری پێشنیازکراو دەڵێ "بەڕێز عێراقچی دیپلۆماتێکی ناسراوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. ئەگەر ئێستا وەکو وەزیر دەستبەکار بێت، ئەگەر تەلەفۆن بۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا بکات، یان بیەوێ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا، وەزیری دەرەوەی وڵاتێکی ئەفریقی یان وەزیری دەرەوەی وڵاتێکی ئەورووپی قسە بکات، پێویست بە زانیاری لەبارەی رابردووی و سیاسەتەکانی ناکات، هەموویان بەڕێز عێراقچی دەناسنەوە."
 
موقتەدایی باسی بەرنامە پێشنیازکراوەکەی عێراقچی دەکات و گوتوویەتی "سیاسەتی دراوسێتیی باش پەیڕەو دەکەم، گۆڕەپانی دیپلۆماسی فراوانتر دەکەم، پەرە بە دیپلۆماسیی ئابووریی دەدەم بۆ ئەوەی سفرەی خەڵک و بەرژەوەندییەکانیان دابین بکرێت، هەوڵی بەهێزکردنی ئاسایشی نەتەوەیی دەدەم."
 
عەباس عێراقچی، لە کابینەی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران جێگری محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران بوو. ئەو ئەندامی شاندی دانوستاندکاریش بوو بۆ گفتۆگۆ لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی و یەکێکە لە ئەندازیارانی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی 5+1 بوو.
 
رێککەوتنێک کە دواتر ئەمریکا بە واژۆیەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لێی کشایەوە، بەڵام عێراقچی یەکێک لەو کەسانەیە هەوڵ بۆ ژیاندنەوەی دەدات. 
 
عیراقچی پێیوایە، رێککەوتنی ئەتۆمی سێ سوودی گرنگی بۆ ئێران هەبووە؛ بەهۆیەوە سزا نێودەوڵەتییەکان هەڵگیران، رەوایەتییەکی نێودەوڵەتی درایە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کە پێشتر وەکو بەرنامەیەکی قەدەخەکراو بوو و سێیەمیش، بەهۆیەوە پرۆژەی بەئەمنیکردنی ئێران لە جیهان شکستیهێنا.
 
ئاراستەی سیاسەتی عەباس عێراقچی هەمان ئەو ئاراستەیەیە کە مەسعود پزیشکیان پێویستی پێیەتی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و پلانەکانی بۆ هەڵگیرانی سزا نێودەوڵەتییەکان و باشترکردنی دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی.
 
بەڵام دوێنێ لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، پابەندە بە یاسای هەنگاوی ستراتیژی پەرلەمان کە دەستی حکومەت بۆ دانوستاندنە ئەتۆمییەکان بە کراوەیی ناهێڵێتەوە. ئەمەش یاسایەکە کە پێشتر حەسەن رووحانی، محەممەدجەواد زەریف و ماوەیەک پێش ئێستاش پزیشکیان رەخنەیان لێگرت.
 
ئەمیرحوسێن سابتی مونفەرید، پەرلەمانتار کە دژی وەزیری پێشنیازکراوە دەڵێ "بۆچی من دژی بەڕێز عێراقچیم بۆ وەزارەتی دەرەوە؟ لەبەر ئەوەی روانگەی ئەوم پێی هەڵەیە و پێموایە ئەمڕۆ لە ساڵی 2024 و چەند رۆژێک بەر لە دەنگدان بۆ پێدانی متمانە، ئەگەر هەمان بیر و بۆچوون و روانگە زاڵ بێت و دووبارە هەمان رێگە بگیرێتەبەر، ئێمە دوو ساڵ یان سێ ساڵی دیکە دێین و دەڵێین، لە بیرتانە دۆلار تەنیا 60 هەزار تمەن بوو، یان ئەوەتا ژمارەی سزاکان لە 1500ـەوە زیاد بووە بۆ ئەوەندە. من لە ئێستاوە دەتوانم بڵێم بەو رێگەیە رووداوە تاڵەکانی رابردوو دووبارە دەبنەوە."
 
شەممەی داهاتوو دەنگدان بە وەزیرانی پێشنیازکراوی مەسعود پزیشکیان، نۆیەمین سەرۆککۆماری ئیران لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان دەستپێدەکات. پێدەچێت، عەباس عێراقچی یەکێک لەو وەزیرانە بێت کە رێگەیەکی سەختی لەبەردەم بێت بۆ وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانتاران.