هەشت "کەسی بیانی" بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکەی شیراز دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژێک دوای هێرشەکەی شاری شیراز، دەستەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، تائێستا 8 کەسی بیانییان دەستگیر کردووە کە گومان دەکەن دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووبێت.
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 13-08-2023 لە شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارسی ئێران، چەکدارێک هێرشیکردە سەر مەزارگەی شاهچراغ و تەقەی لە کارمەندان و زیارەتکارانی ناو مەزارگەکە کرد و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و 8 کەسیش بریندار بوون.
 
ئەمرۆ دووشەممە، 14-8-2023، ئاژانسی هەواڵی میزان لە زاری کازم مووسەوی، سەرۆکی دەستەڵاتی دادی پارێزگای فارسی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، تائێستا "هەشت تۆمەتبار" دەستگیرکراون و سەرجەمیان "هاووڵاتیی بیانین".
 
سەرۆکی دەستەڵاتی دادی پارێزگای فارس ناسنامەی ئەو کەسانەی بڵاو نەکردەوە، هەروەها ئاماژە بەوەش نەکراوە کە خەڵکی چ وڵاتێکن.
 
بە گوتەی کازم مووسەوی، چەکدارە هێرشکارەکەی سەر مەزارگەی شاهچراغی شیراز، هەر لە یەکەم ساتەکانی هێرشەکەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و رایگەیاند، ئەو کەسە خۆی وەکو رەحمەتوڵلا نوورۆزۆف و خەڵكی تاجیکستان ناساندووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.
 
میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردووە، بۆ بەدەستخستنی زانیاری نۆی لەبارەی هێرشەکەی شاری شیراز، لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوان بەردەوامە.
 
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئەمرۆ لە کۆبوونەی پەرلەماندا باسی هێرشەکەی شاری شیرازی کرد و گوتی، "نائارامکردنی وڵات و تێکدانی ئارامی خەڵک و تێکدانی ژیانی رۆژانەی خەڵک، پڕۆژەیەکی بەردەوامی دوژمنانی نەتەوەی ئێران بووە، کە لە چەند هەفتەی رابردوودا چڕتر بووەتەوە، بەڵام بە وریایی هێزە ئەمنییەکان بێکاریگەر کراوە."
 
هێشتا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی دوێنێی شیرازی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام حکومەتی ئێران دەڵێت، هێرشەکە کردەوەیەکی تیرۆریستییە و هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەنجامدەران و پاڵپشتیکارانی بە تووندی سزا دەدرێن.
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوێنێ لە پەیامێکدا رایگەیاند، هێرشەکەی شیراز "کردەوەیەکی تیرۆریستییە" و جەختی لەوە کرد کە "دەبێ ئەنجامدەران و پاڵپشتیکارانی هێرشەکە بە تووندی سزا بدرێن."
 
رەهام بەخش حەبیبی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای فارس لەبارەی هێڕشەکەوە دەڵێت، چەکدارەکە لە نزیک بنکەیەکی پاسەوانی دەرگایەکی مەزارگەکەوە و لە دەرەوە تەقە لە خەڵک کردووە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ناو مەزاگەکە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیر دەکرێت.
 
سەردار یەدوڵڵا بوعەلی، فەرماندەی سوپای فەجری پارێزگای فارسیش رایگەیاندووە، چەکدارەکە 8 فیشەکدان و 240 فیشەکی پێی بووە و لە هێرشەکەدا توانیویەتی تەنیا 11 فیشەک بتەقێنێت.
 
مانگی تشرینی یەکەمی 2022 لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر هەمان مەزارگە، 13 کەس گیانیان لەدەستدا و سەروو 20  کەسیش بریندار بوون. رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لەئەستۆ گرتبوو.
 
دادگەی شۆڕشی شیراز لەسەر هێرشەکەی ساڵی رابردوو سزای سێدارەدانی بەسەر دوو هاوڵاتی ئەفغانستانیدا بە ناوەکانی محەمەد رامز رەشیدی و نەعیم هاشم قیتالی سەپاندبوو و لە 8-7-2023 هەردوو کەس لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە شوێنێکی گشتی شاری شیراز لەسێدارەدران.