وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران: تۆڕێکی بەهائیمان هەڵوەشاندەوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دەڵێت، "تۆڕێکی گەورەی بەهائییان" هەڵوەشاندەوە کە دەستیان لە پشت کەمبوون و گرانبوونی نرخی هەندێک جۆری دەرمان هەبووە و ئەندامانی تۆڕەکە لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراون.
 
رۆژی یەکشەممە، 13-08-2023 وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، دوای ئەوەی هەندێک راپۆرت سەبارەت بە کەموکوڕی لە کەرتی دەرماندا بە تایبەت کەموکوڕی لە دابینکردنی هەندێک جۆری دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییە قورسەکان (وەکو کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتدا) و پەرەسەندنی کێشەکە لە هەندێک کاتدا، گەیشتنە وەزارەتەکەیان، ئەو وەزارەتە لێکۆڵینەوە لەبارەی کێشەکەوە خستە بەرنامەی کارەکانییەوە.
 
وەزارەتی ئیتڵاعات دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەکاندا هێزەکانیان بەو ئەنجامە گەیشتن کە تۆڕێکی بەهائی بە پشتگیری دەستوەردانی دەرەکیی لە پشت رووداوەکانی کەرتی دەرمانە، بۆیە لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا ئەندامانی تۆڕەکە دەستگیرکران و دەست بەسەر چەندین دەرمانخانە و کۆگەی تایبەت بە دەرماندا گیراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تەنیا لە یەک نموونەدا، بنەماڵەیەکی بەهائی لە تاران کە خاوەنی 20 دەرمانخانە و سێ کۆمپانیای جوانکاری و چەندین کۆگەی بێمۆڵەت بوون، "چەندین سەرپێچی و تاوانی جۆراوجۆری وەک قاچاخ و کۆکردنەوەی دەرمان، ساختەکاری لە دەرمان، سپیکردنەوەی پارە و خۆدزینەوە لە باجیان کردووە."
 
ئاماژە بەوەش کراوە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە، نۆ ئەندامی سەرەکیی باندەکە بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون و هەروەها دەستبەسەر 40 دەرمانخانە و کۆگەدا گیراوە.