بەهۆی تەقینەوەی مینەوە؛ لە سەردەشت پلەدارێکی سەربازیی ئێران گیان لەدەستدەدات

14-06-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 


قایمقامی شاری سەردەشت رایگەیاند، پلەدارێکی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچەی سەردەشت بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەستداوە.
 
بەگوتەی لوقمان خوسرەوپوور، قایمقامی سەردەشتی سەر بە پاریزگای ورمێ، مەهدی بەرزگەر کە خەڵکی شاری ئەهەری پارێزگای تەوریز بووە، سەر لە بەیانی رۆژی سێشەممە 14-06-2022 لە کاتی چاودێریی و بۆسەدانان لە ناوچە سنوورییەکان لە نزیک گوندی بوڵفەت مینێکی پێدا تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە. 
 
بەپێی راپۆرتی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی 2021 لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا 12 کەس بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە و 38 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا 20 ملیۆن مین لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا چێنراون، بەمەش ئێران دووەمین وڵاتی جیهانە بۆ مینە چێنراوەکان. 
 
بەگوتەی سارا فەلاحی، نوێنەری ئیلام لە پەرلەمانی ئێران، لە ساڵی 2010ەوە تاوەکوو 2018 لە ئێراندا 623 هەزار هێکتار لە مین پاککراوەتەوە، بەڵام لەو کاتە بەدواوە بەهۆی کەمیی بودجە هەڵگرتنەوەی مینەکانی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووە.
 
بەگوتەی سارا فەلاحی، لە هاوینی 1988ەوە تاوەکو زستانی 2022 مین بە 961 کەسدا تەقیوەتەوە بەوهۆیەوە 348 کەس گیانیان لەدەستداوە، 613 کەسیش برینداربوون، لەوانەش 12 کەسیان مندال و 60 کەسیش ژن بوون. بەشی زۆریشیان خەڵکی گوندەکان و کۆچەرییەکان بوون.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رووبەری ناوچە بە مینچێنراوەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان چوار ملیۆن و 200 هەزار هێکتارە. لەوانەش ملیۆنێک و 500 هەزار هێکتار لە پارێزگای خوزستان، 700 هەزار هێکتار لە پارێزگای کرماشان، 150 هەزار هێکتار لە پارێزگای سنە، 150 هەزار هێکتار لە پارێزگای ورمێ و یەک ملیۆن و 700 هەزار هێکتاریش لە پارێزگای ئیلامە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە