وەزارەتی دەرەوەی ئێران: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆی راشکاو، ئەرێنی و بنیاتنەر کران

14-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە پەیوەندیی قووڵی مێژوویی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا کرد و رایگەیاند، لە سەردانەکەی ئەمدواییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران، لە هەموو بوارێکدا گفتوگۆی راشکاوانە، ئەرێنی و بنیاتنەر لە نێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ئێران کران.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە 13ی ئایاری 2024 لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی خۆیدا لە تاران باسی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کرد و رایگەیاند، "لە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ تاران، گفتوگۆی راشکاوانە لەنێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئێران لە بواری جیاوازدا کرا. بە خۆشحاڵییەوە ئەو گفتوگۆیانە ئەرێنی و بنیاتنەر بوون، هیوادارین لە ئاییندەیەکی نزیکدا کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ببینین لە پتەوکردنی هاوکارییەکانی هەردوولا لە بوارە جیاوازەکاندا، هەر وەکو لە هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکاندا، و هیوادارین بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو هاوکارییانە ببینین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی، "لەم سەردانەدا بەرپرسانی کوردستان، لەوانە بەڕێز نێچیرڤان [بارزانی] رایانگەیاند، ئێمە ئاسایشی ئێران وەکو ئاسایشی عێراق و خۆمان دەبینین و پابەندین بە بڕگەکانی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق."
 
کەنعانی ئاماژەی بە پەیوەندیی قووڵی مێژوویی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا کرد و رایگەیاند، "لە کۆبوونەوە لەنێوان ئێمە وەکو ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق، پەیوەندییەکی دۆستانە، بنیاتنەر و قووڵ هەبووە و خاڵی بەرزی ئەو پەیوەندییانە لە ماوەی هەشت ساڵی بەرگریی پیرۆز (شەڕی ئێران و عێراق)، سەردەمی تێکۆشان لە دژی رژێمی بەعسی عێراق، یەکێک لەو سەردەمە مێژووییانەی هاوکاری لەنێوان ئێران و برا و خوشکە کوردەکانمان لە ناوچەی هەرێمی کوردستانی عێراق بووە. هەروەها خۆڕاگری لە بەرامبەر هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە عێراق و لە ناوچەی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەو هاوکارییە بەنرخانەی کۆماری ئیسلامی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم تیرۆرە رەشەی داعش پێشکێشی حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی خۆجێی هەرێمی کوردستانی عێراق کردووە لە چوارچێوە پشتیوانیکردن لە گەلی عێراق لە دژی تیرۆریزمی تەکفیری."
 
ناسر کەنعانی ئاماژەی بە سنووری درێژی نێوان ئێران و عێراق کرد و گوتی، ئێران گرینگی دەداتە ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانی لەگەڵ عێراق و "رێگە نادات لە سنوورەکانەوە، گرووپە جوداخوازەکان و لایەنەکانی سەر بە رژێمی زایۆنی مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکە دروست بکەن."
 
بە گوتەی کەنعانی، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان جەختیان لەوە کردووەتەوە، "رێگە نادەن خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی نائەمنی بۆ ئێران و سنوورە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە 5 ی ئایاری 2024 بە بانگهێشتێکی فەرمی سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئاسايشى نيشتمانيى ئێران و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.
 
رۆژی هەینی 10ی ئایاری 2024 ماڵپەڕی فەرمیی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێک لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە تاران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە دیدارەکەدا رێبەری کۆماری ئیسلامی جەختی لە پەیوەندی و لێکنزیکیی خەڵکی ئێران و کورد کردووەتەوە." 
 
بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو دیدارەدا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوتووە، "پەیوەندیی ئێمە و کۆمەڵگەی کوردی، چ لە ئێران و چ لە عێراق، لەچاو هەموو نەتەوەکانی دیکە پەیوەندییەکی نزیکترە، ئەوان بەشێکن لە ئێمە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە