سوپای پاسداران: لە هەر شوێنێکی جیهان هەڕەشەمان لەسەر بێت، کاردانەوەمان دەبێت

14-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، لە هەر شوێنێکی جیهانەوە هەڕەشەیان لەسەر بێت، کاردانەوەیان دەبێت.
 
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی (دووشەممە، 13-5-2024) لە کۆنفرانسی بەسیجدا لە تاران رایگەیاند، "لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە دوژمن هەوڵیداوە شۆڕش و سیستمی سیاسیی ئێران لە شەڕ دانەبڕێت و بەردەوام تووشی شەڕ و ئاڵۆزی بێت."
 
حوسێن سەلامی گوتی "لە چوار دەیەی رابردوودا، بەردەوام لە هەموو شەڕێکدا، شەڕی سەربازی، هەواڵگری، سیاسی و دەروونی، رووبەڕووی هەموو زلهێزەکانی جیهان بووینەتەوە، خاڵی گرینگ ئەوەیە؛ سەرەڕای ئەوەی بەردەوام دوژمن لە ئێمە بەهێزتر بووە، بەڵام ئەنجامەکان پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی بوون."
 
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران جەختی لەوە کردەوە؛ سزاکانی سەر ئێران نەیانتوانی وابکەن گەلی ئێران ناچار بە قبووڵکردنی بڕیارەکانی ئەمریکییەکان بکرێت "گەلی گەورە و بەشکۆی ئێران لە ژێر سزاکاندا توانی لە زۆر بواردا خۆبژێوی بۆ خۆی دەستەبەر بکات."
 
سوپای پاسداران، هێزێکی سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979ـی ئێران، بە بڕیارێکی ئیمام خومەینی، یەکەمین رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای ساڵی 1980 دامەزرا.
 
سوپای پاسداران خاوەنی پێنج هێزە کە بریتین لە هێزی زەوینی، ئاسمانی، دەریایی، فەیلەقی قودس و بەسیج. سوپای پاسداران جگە لەوەی لە نێوخۆی ئێراندا خاوەن پێگەیەکی تایبەت و بەهێزە، لە رێگەی فەیلەقی قودسەوە کە باڵی ئەو هێزەیە لە دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەت لە سووریا، لوبنان، عێراق و یەمەن چالاکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە