ئێران و هیندستان رێککەوتننامەیێکی ئابووریی 10 ساڵە واژۆ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

ئێران و هیندستان رێککەوتننامەیێکی ئابووریی 10 ساڵەیان بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی بەندەری چابەهار لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران واژۆ کرد.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، رێککەوتننامە ئابوورییەکە دووشەممە (13ـی ئایاری 2024) بە ئامادەبوونی سارباناندا سونوال، وەزیری بەندەرەکان و کەشتیوانیی هیندستان و مێهرداد بەزرپاش، وەزیری رێگەوبان و شارسازیی ئێران لەنێوان کۆمپانیای هیندستان پۆرتس گڵۆباڵ لیمیتەدی هیندستانی و ئاریا بەندەری ئێرانی لە تاران واژۆ کرا.
 
رێککەوتننامەکە بۆ 10 ساڵە، بەپێی رێککەوتننامەکە بڕیارە هیندستان بە سەرمایەی خۆی وەبەرهێنان لە بەندەری چابەهاری ئێرانیدا بکات، بەندەرەکە بە تەکنۆلۆژیای نوێ نۆژەن بکاتەوە و پەرە بە تێرمیناڵی وەرگرتن و کۆگەکردنی کەلوپەلی بەندەرەکە بدات و فراوانی بکات.
 
هەر بەپێی بەندەکانی رێککەوتننامەکە کۆمپانیا هیندستانییەکە بە بڕی 120 ملیۆن دۆلار بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە فراوانکردنی بەندەری چابەهاری ئێرانیدا وەبەرهێنان دەکات، هەروەها بڕیارە 250 ملیۆن دۆلاریش پاڵپشتی دارایی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە لە بەندەرەکە دابین بکات.
 
ئێران دەیەوێت بە پەرەپێدانی ئەو بەندەرە، ببێتە شوێنێک بۆ ترانزێتی کەلوپەلی هیندستانی بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، ئەفغانستان و رووسیا.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی واژۆکردنی رێککەوتننامەکە رایگەیاند، هیندستان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بێ لەبەرچاوگرتنی سزاکانی ئەمریکا، هەوڵدەدات رێککەوتننامە لەگەڵ ئێران واژۆ بکات.
 
کەنعانی گوتی "ئێران و هیندستان دەیانەوێت بە نادیدەگرتنی سزا یەکلایەنەکانی ئەمریکا لە دژی وڵاتانی سەربەخۆ، هاوکاری و بەتایبەت هاوکاریی ئابووریی یەکدی بکەن؛ رێککەوتننامەی نێوان ئێران و هیندستان بەشێوەیەکی سرووشتی بە تێگەیشتنی هیندستان لە سرووشتی سزا نایاساییەکانی ئەمریکا کراوە."