بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی ئێران دەکات

14-04-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی ئێران دەکات.
 
دووشەممە 14ی نیسانی 2025، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی رایگەیاند: "رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە دێتە ئێران و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران کۆدەبێتەوە".
 
کازم غەریب ئابادی گوتی: "ئەم سەردانە لە چوارچێوەی بەردەوامی هاوکاری نێوان هەردوولایە".
 
سەردانەکەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران لەکاتێکدایە رۆژی شەممە 12ی نیسانی 2025، گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو.
 
گەڕی دووەمی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا هەفتەی داهاتوو لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
 
میدیاکانی ئیتاڵیا لە زاری ئەنتۆنیۆ تەیانی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، ئیتاڵیا داواکاری عومان و لایەنەکانی دیکەی بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا لەو وڵاتەی پەسند کردووە. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا گوتی، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی شوێنی بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان نەدراوە، بەڵام لە دەرەوەی عوماندا دەبێت. هەروەها گوتی، شوێنی دانوستاندن گرنگ نییە و لە هەر شوێنێک بێ بە نێوبژیوانیی عومان دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە